سەردێڕ:

زۆربەی بەرزە پردەکان و شەقامەکانی سلێمانی بە دروشمی حزبی داپۆشراون

فۆتۆ: 
2019-07-20

2633 جار خوێندراوەتەوە

کاتێک بەسەر شۆستە و شەقامی شارەکانی هەرێمى کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانیدا گوزەر دەکەیت، دیمەنی لۆگۆ و پۆستەر و وێنەی بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان لەسەر بەرزە پرد و شوێنە گشتییەکان دەبینیت.

وەک بەشێک لە هاوڵاتییان دەڵێن، لە شارى هەولێر پارتى ساڵانی نەوەدەکان خەریکی هەڵواسینی لۆگۆی پارتی و وێنەی سەرکردەکانی بوو، بەڵام ئێستا خەریکى دروستکردنى هەندێک پرۆژەی شەقام و پرۆژەی تری بەرچاوە، تاوەکو سۆزی هاوڵاتییان نیشانبدات و کەمیی خزمەتگوزاری و خراپیی گوزەران لەبیر هاوڵاتییان بباتەوە و، وای نیشانبدات کە خزمەت دەکات، بەڵام لە سنورى سلێمانى تازە بە تازە یەکێتی دەگەڕێتەوە سەردەمی ساڵانی نەوەدەکان و بە چەند قوتویەک بۆیاخەوە خەریکی نافورەیەکە تاوەکو رەنگەکەی بگۆڕێت و لۆگۆى یەکێتیى لەسەر دابنێت و، دەیەوێت بەمە دەنگی خەڵکی رابکێشێت بۆ حیزبەکەی یان وای نیشان بدات کە حیزبەکەی لە سلێمانی ماوە و نەتواوەتەوە.

بەشێکى تریش لە هاوڵاتییان دەڵێن، بەرزە پردەکان و نافورەکان و فولکەکان و شوێنە ستراتیژییە گشتییەکان لەلایەن حزبى دەسەڵاتدارەوە لە زۆنى سەوز کراوە بە لۆگۆی یەکێتی و دروشمی یەکێتی و وێنەى کەسى یەکەمى پێشووى حزبەکە هەڵواسراوە.

شەقام و بەرزەپرد و شوێنە گشتییەکان وێنە و وتە و دروشمی سیاسییان لەسەر نییە و، پێدەچێت پارتی باش لەوە تێگەیشتبێت کە ئەو وێنانە نەک سۆزی هاوڵاتی راناکێشن، بەڵکو زۆرکات وا دەکات کە هاوڵاتی دڵتەنگ بێت و دژی ئەو کەس و لایەنە بێت کە هێندە وێنەکانیان هەڵدەواسرێت.

لەبارەی جێگیردنی ئەو پۆستەرانەی کە لۆگۆی یەکێتی نیشتمانی و وێنەی جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی لەسەرە، شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ئەو وتە و وێنانە ناچنە بواری ریکلامی و قۆرغکردنی ئەو شوێنانەوە، بەڵکو بۆ هۆشیاریی نەتەوایەتییە، وەک ئەوەیە ئەگەر هاوڵاتی ئەم لۆگۆیەی یەکێتی نەبینێت، ئەوا هۆشیاریی نەتەوایەتیی نابێت.

دوای ٢٨ ساڵ حکومڕانی یەکێتی و پارتی، تازە بە تازە لە سلێمانی سیمای درووشمە سیاسییە هەڵواسراوەکان دەبینرێت، لەکاتێکدا رێگاکانی نێوانی قەزاکان و پارێزگای سلێمانی بە رێگای مەرگ ناوزەند کراون.

بەشێک لە هاوڵاتییانیش ناڕازین و داوادەکەن کە حیزب پێویستە عەقڵیەت و شێوازی کارکردنی بگۆڕێت، چونکە هاوڵاتی دەنگ نادات بە قوتویەک بۆیاخ و لۆگۆی حیزبێک یان دروشم و وێنەی سەرکردەکانیان لەسەر بەرزە پردەکان، بەڵکو هاوڵاتی دەنگ دەدات بەو لایەنەی کە ئەگەر لە دەسەڵاتدا بوو، ئەوا بەرزە پردی نوێ و رێگای خێرا و هێڵی ئاسنی دروستبکات و، هەروەها خزمەتی هاوڵاتییانی خۆی بکات و گوزەرانی خەڵک خۆش بکات.