سەردێڕ:

ئێران کەشتییەکی جەزائیریی ناچارکرد ڕوو لە ئاوە هەرێمایەتییەکانی بکات

فۆتۆ: 
2019-07-20

6182 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی جەزائیر بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەو وڵاتە ناچارکراوە ئاراستەی بگۆڕێت بەرەو ئاوە هەرێمایەتییەکانی ئێران.

لەوبارەیەوە میدیاکانی جەزائیر ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە ناوی "مەسدەر"ە و سەربە کۆمپانیای "سۆناتراک"ی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی جەزائیرە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، کەشتییەکە لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە ناچارکراوە ڕوو لە ئاوە هەرێمایەتییەکانی ئێران بکات، لەکاتێکدا کە بە بەندەری هورمزدا تێپەڕیوە.

کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی جەزائیر ئاشکرایکرد، کەشتییەکە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە و ویستوویەتی بە ئاراستەی تەنورەی سعودیەدا بڕوات، کە یەکەی پاڵاوگەکانی "ڕەئس تەنورە"ی ئەو وڵاتەی تیایە و، نەوتەکەش نەوتی خاو بووە بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیای "ئۆنیاک"ی چینی بارکراوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی خەبەری جەزائیر، دوای ڕووداوەکەش شانەیەکی چاودێریکردن و بەدواداچوون لە هەردوو وەزارەتی وزە و کاروباری دەرەوە پێکهێنراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەکاتی دەستبەسەراگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەدا هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو و زیانێک رووینەداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ ١٩ی تەموز سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دەستیانگرتووە بەسەر کەشتییەکی نەوتی بەریتانیدا کە یاساکانی هاتوچۆی ئاوی نێودەوڵەتیی پێشێلکردووە.

ئەمڕۆش بەریتانیا هەڕەشەی لە ئێران کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئازادنەکات ئەوا "دواڕۆژێکى خراپ چاوەڕێیەتی."

جێرمی هەنت وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، دەستبەسەرداگرتنى ئەو کەشتییە لەلایەن ئێرانەوە کارێکی قبوڵکراو نییە و، دەبێت ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە جیهاندا بپارێزرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ حکومەتی جەبەل تارق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، "لە دانیشتنێکی تایبەتدا دادگای باڵای وڵات داوای لە داواکاری گشتی کرد، ماوەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی گرێس ١ بۆ ماوەی ٣٠ رۆژی دیکە و تاوەکو ١٥ی ئابی ٢٠١٩ درێژبکاتەوە."

سەرەتای ئەم مانگە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران، کە ٢.١ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو، لەلایەن هێزی دەریایی بەریتانییەوە لە ناوچەی (جەبەل تارق) دەستى بەسەرداگیرا، واشنتۆنیش دەستبەسەرداگرتنى کەشتییە نەوتییەکەى ئێرانی لە گەرووى جەبەل تاریق بە هەواڵێکى زۆر باش زانی و جەختیکردەوە لەسەر رێگریکردن لە بازرگانیى نەوتى ئێران.

ع.م