سەردێڕ:

ئاشتى هەورامی پۆستێکى نوێی لە ئەنجومەنى وەزیران وەرگرتووە

فۆتۆ: 
2019-07-20

25638 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، هەولێر، هێرش قادر

ئاشتى هەورامی وەک یاریدەدەری مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران دەستبەکاربووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەى دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، هەریەکە لە ئاشتی هەورامی و ڕێباز حەملان وەک یاریدەدەری مەسرور بارزانی دیاریکراون.

هەر بە پێی ئەو زانیارییانە، ئاشتی هەورامی وەک یاریدەدەری مەسرور بارزانی  بۆ کاروباری وزە و سامانە سرووشتیەکان  لە ئێستادا دەست بەکار بووە.

ڕێباز حەملانیش وەک یاریدەدەری مەسرور بارزانی بۆ کاروباری دارایی دیاری کراوە بەڵام تا ئێستا دەست بەکارنەبووە .

هەر بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو پۆستە هاوشێوەی پۆستی وەزیرێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

هاوکات جگە لە زیادبوونی دوو وەزیر لەم کابینەیە کە ئەوانیش وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغداد و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ژمارەیەک یاریدەدەریش لە ئەنجومەنی وەزیران زیاد کراوە.

رۆژی ١٠ی تەمووز پەرلەمانی کوردستان بە دەنگى ٨٨ پەرلەمانتار مەسرور بارزانى وەک سەرۆکى حکومەت و قوباد تاڵەبانى بە دەنگى ٧٣ پەرلەمانتار وەکو جێگرى سەرۆکى حکومەتی دیاریکرد، هەروەها جگە لە وەزیرى سامانە سروشتییەکان، وەزیرەکانى دیکەى کابینەى نوێی حکومەتیش متمانەیان پێدرا وسەرجەمیان سوێندى یاساییان خوارد.