سەردێڕ:

دژە تیرۆر: یەکێک لە تۆمەتبارانی هێرشەکەی هەولێر دەستگیرکرا

کەمێکی دیکە ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکرێتەوە
فۆتۆ: 
2019-07-20

32916 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، یەکێک لە تۆمەتبارانی هێرشەکەی هەولێریان دەستگیرکروە.

دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، مه‌زلوم داغ داواکراوی رووداوەکەی هەولێر له‌لايه‌ن ئاسايشى هه‌ولێر و دژه‌ تيرۆرەوە ده‌ستگيركراوە.

دژە تیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، دواتر زنیاری زیاتر لەسەر دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە بڵاودەکەنەوە.

هاوکات پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو ئۆتۆمبێلەی تۆمەتباران پێی هەڵاتوون بە بەردەوامی لێکۆڵینەوەیان کردووە و سودیان لە کامێراکانی هاتوچۆ وەرگرتووە.

وتیشی، هەرچەندە تائێستا راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بە گویرەی زانیارییەکان یەک کەس دەستگیرکراوە کە هەمان ئەو کەسەیە چەند رۆژی رابردوو ئاسایش داوای هاوکاری لە خەڵکی کرد بەمەبەستی دۆزینەوەی.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی ڕاگەیاندووە، عوسمان کۆسە ئەو کەسەی لە ڕووداوەکەی هەولێردا کوژرا ئەندامی دەزگای میتی تورکی بووە و بۆ ئەرکێکی شەش مانگی لە کونسوڵخانەی تورکیا هاتووەتە هەولێر و بەرپرسی بەشی کاروباری ئێران بووە .

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرابکرێت بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، بەرپرسەکەی میت هیچ پلە و پۆستێکی لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا یان هەر ناوەند و دەزگایەکی سەر بە وەزارەتەکە نەبووە، پێچەوانەی ئەوەی لە میدیاکاندا وەک جێگری کونسوڵی تورکیا ناویبراوە.

هاوکات کەناڵی "ئا هابەری" تورکیش بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمنی تورکیا لێکۆڵینەوەیان لە شوێنی رووداوەکە کردووە.

زیاتر لە سێ رۆژ بەسەر رووداوى هێرشەکەى سەر ژمارەیەک کارمەندى کونسوڵخانەى تورکیا لە هەولێر تێدەپەرێت و، ڤیدیۆى ساتى هێرشەکە پیشانى چەند میدیایەکى تورکى و کوردى دراوە، بەڵام تائێستا ئەو ڤیدیۆییە پیشانى ئێن ئاڕ تى نەدراوە، هیچ بەرپرسێکیش قسەى لەسەر رووداوەکە بۆ ئێن ئاڕ تى نەکردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نیوەڕۆی ١٧ی حوزەیران لە رووداوێکی تەقەکردندا لە رێستورانتێکی شاری هەولێر کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان کوژران و هاوڵاتییەکی دیکەش برینداربوو و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.