سەردێڕ:

ئەلمۆنیتەر: ئەو بەرپرسە تورکەی لە هەولێر کوژرا کارمەندی میت بووە

 ڕووداوەکەى هەولێر
فۆتۆ: 
2019-07-20

38291 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕێکی ئەمریکی ئاشکرایدەکات، ئەو بەرپرسە تورکەی لە رێستۆرانتەکەی هەولێر کوژراوە ئەندامی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی ڕاگەیاندووە، عوسمان کۆسە ئەندامی دەزگای میتی تورکی بووە و بەرپرسی کاروباری ئێران بووە و ئەرکێکی شەش مانگی پێڕاسپێردراوە لە کونسوڵخانەی تورکیا.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرابکرێت بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، ئەندامەکەی میت لە رێستۆرانتەکەدا لەگەڵ ژمارەیەک هاوکاریدابووە کە هیچکامیان لە کونسوڵخانەی تورکیا کارناکەن.

باس لەوەشکراوە، بەرپرسەکەی میت هیچ پلە و پۆستێکی لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا یان هەر ناوەند و دەزگایەکی سەر بە وەزارەتەکە نەبووە، پێچەوانەی ئەوەی لە میدیاکاندا وەک جێگری کونسوڵی تورکیا ناویبراوە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا هۆکاری کوژرانی ئەو ئەندامەی میت ئاشکرا نەبووە، بەڵام بە گوێرەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە هێرشەکە زۆر بە وردی پلانی بۆ داڕێژراوە.

هاوکات کەناڵی "ئا هابەری" تورکیش بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمنی تورکیا لێکۆڵینەوەیان لە شوێنی رووداوەکە کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر حکومەتی هەرێم و تورکیا ئاماژەیان بەوەدەکرد ئەو کەسەی کوژراوە دیپلۆماتکاربووە و لە کونسوڵخانەی تورکیا کاری کردووە ئەمە یەکەمینجارە ئەوە ئاشکرا بکرێت کە کارمەندی میت بووە.

وردەکاری ڕووداوەکە چۆن بووە؟

شوێنی ڕووداوەکە:

ئەو ریستۆرانتەی "کارمەندەکەی میتی" تێدا کوژرا دەکەوێتە ناو پرۆژەی ئیمپایەرەوە کە لە نێوان شەقامی سەد مەتری و شەقامی چل مەتریدایە و پرۆژەی شاری خەونەکانیش لە تەنیشتییەوەیە و لایەکی دیکەشی هۆڵی سەعد عبدوڵا و هوتێل دیڤانە  و تەنیا دوو کیلۆمەتر و نیو لە بینای ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانەوە دوورە لە ئارامترین و پارێزراوترین شوێنی هەولێری پایتەختدایە.

هێرشبەرکان چاودێری شوێنەکەیان کردووە:

بەپێی میدیاکانی تورکیا پێش ڕووداوەکەی هەولێر ئەو کەسانەی هێرشەکەیان کردووە چاودێری شوێنەکەیان کردووە و دوای ئەوەی عوسمان کۆسە ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل رادەگرێت و دەچێتەژوورەوە هێرشبەرەکان لە هەمان شوێن ئۆتۆمبێلەکەیان ڕادەگرن.

چەند کەس هێرشەکەیان کردووە؟

بەپێی میدیاکانی تورکیا کە کامێرای چاودێری رێستۆرانتەکەیان سەیرکردووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی هێرشەکەیان کردووە سێ کەس بوون و پێنج خولەک دوای چوونەژوورەوەی کارمەندەکەی میتی تورکیا چوونەتە هەمان شوێن و دوانیان چوونەتە ژووەرەوە و یەکێکیان لە ئۆتۆمبێلەکەدا چاوەرێی کردوون.

ئەو دوو کەسەی چوونە ژوورەوە چۆن "کارمەندەکەی میتیان" کوشت؟

بەپێی کامێراکانی چاودێری، دوای چوونە ژوورەوەی ئەو دوو چەکدارە لە مێزی کارمەندەکەی میت نزیک دەبنەوە و راستەوخۆ تەقەیان لێکردووە.

لە هێرشەکەدا چ جۆرە چەکێک بەکارهاتووە؟

وەکو لە کامێراکانی چاودێری دەرکەوتووە و میدیاکانی تورکیا ئاماژەی پێدەکەن، لە هێرشەکەدا هەردوو هێرشبەرەکە دەمانچەی بێ دەنگیان بەکارهێناوە و ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکە هەڵهاتوون.

چارەنوسی ئەو دوو کەسی تەقەیان کردووە:

دوای ئەوەی تەقە لە کارمەندەکەی میت دەکەن و هەڵدێن یەکێک لە تەقەکەرەکان لەلایەن پاسەوانێکی تایبەتەوە کە لەوێ نانی خواردووە، تەقەی لێ دەکرێت و برینداردەکرێت و بە برینداری هەڵدێت و خۆی دەگەیەنێت بە ئۆتۆمبێلەکە و پێکەوە لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵدێن.

ئەو کەسەی لە رووداوەکەی هەولێر کوژرا کێ بوو؟

ئەو کەسە تورکەی کە لە رووداوەکەی هەولێر کوژرا ناوی عوسمان کۆسەیە و تەمەنی ٣٦ ساڵ بووە و خێزانداربووە لە دایکبووی شاری مێرسینی تورکیایە.

میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەکردووە، عوسمان کۆسە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە شاری ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا ژیاون باوکی دوو منداڵ بووە.

عوسمان کۆسە

زیاتر لە سێ رۆژ بەسەر رووداوى هێرشەکەى سەر ژمارەیەک کارمەندى کونسوڵخانەى تورکیا لە هەولێر تێدەپەرێت و، ڤیدیۆى ساتى هێرشەکە پیشانى چەند میدیایەکى تورکى و کوردى دراوە، بەڵام تائێستا ئەو ڤیدیۆییە پیشانى ئێن ئاڕ تى نەدراوە، هیچ بەرپرسێکیش قسەى لەسەر رووداوەکە بۆ ئێن ئاڕ تى نەکردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نیوەڕۆی ١٧ی حوزەیران لە رووداوێکی تەقەکردندا لە رێستورانتێکی شاری هەولێر کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان کوژران و هاووڵاتییەکی دیکەش برینداربوو و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.