سەردێڕ:

قاسم سلێمانی: با ترەمپ بچێت بە شتی ترەوە خۆی سەرقاڵ بکات

فۆتۆ: 
2019-07-19

14694 جار خوێندراوەتەوە

قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی وڵاتەکەی هاتەدەنگ کە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد.

قاسم سلێمانی دەربارەی ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ وتی "با ترەمپ بچێت بە شتی ترەوە خۆی سەرقاڵ بکات".

قاسم سلێمانی لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وتوویەتی "هۆکاری سەرەکی بەزینی ئەمڕۆی ئەمریکا لە ناوچەکە، نەبوونی سەرکردایەتییەکی حەکیمە، هۆکاری هەرە سەرەکیش بوونی دەسەڵاتداری نەزانە".

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ڕاگەیاندنەکەی ئەمریکا، کە ئاماژەی کردبوو بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران لەسەر گەرووی هورمز ڕایگەیاند، ئێران زانیاری نییە لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی وڵاتەکەی.

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران مەترسی بۆسەر کەشتی سەربازیی  یوئێس ئێس بۆکسەر دروستکردووە  دەستبەجێ خستوویانەتەخوارەوە.

ترەمپ وتی "فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تەنها ٩٠٠ مەتر دوور بووە لەو کەشتییە ئەمریکییەوە لە گەروی هورمز".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ڕوداوە بە نوێترین کاری دوژمنکارانەی ئێران دادەنرێت، کە تاران لە دژی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئاوە هەرێمایەتییەکان دەیکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە (رۆژى ٢٠ى حوزەیرانى ٢٠١٩) ئێران فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوانى ئەمریکی لە گەروى هورمز خستەخوارەوە و بەوهۆیەشەوە گرژییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە رووى لە زیادبوون کرد و ئەمریکا سزاى زیاترى بەسەر ئێراندا سەپاند.

ع.م




‌بەپەلە