سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆ: گەشتیارە کوردەکان لە تورکیا ئازادکران

لەشاری ترابزۆن دەستگیرکرابوون
فۆتۆ: 
2019-07-19

6374 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرایکرد، کەمێک لەمەوبەر نۆ گەشتیارە کوردەکە لە تورکیا ئازادکران.

سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، ئەو نۆ گەشتیارە کوردەى لە تورکیا دەستگیرکرابوون، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە ئازادکراون.

 ئازادکردنى ئەو گەشتیارە کوردانە دواى ئەوە هات کە لە چەند رۆژى رابردوودا لە شارى ترابزۆنى تورکیا لەکاتى وێنەگرتنیان بە ئاڵاى کوردستانەوە، لەلایەن چەند کەسێکەوە پەلاماردران و دواتر دەستگیرکران.

حکومەتى هەرێمیش لە راگەیەنراوێکدا ناڕەزایی خۆی نیشاندا و داوای لە تورکیا کرد، بە زووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکات.

هاوکات شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە تویتێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر نووسیویەتى،" ئاڵاى کوردستان هەڕەشە نییە لەسەر هیچ کەس و وڵاتێک بەتایبەتى بۆ وڵاتێک کە کار لەسەر راکێشانى گەشتیار دەکات." و داواى ئازادکردنى ئەو گەشتیارانەشى کرد.