سەردێڕ:

هەدەپە: هیچ کەسێک ناتوانێت ناومان بە توندوتیژییەوە گرێ بدات

فۆتۆ: 
2019-07-19

1622 جار خوێندراوەتەوە

هەدەپە سەرکۆنەى هێرشەکەى هەولێری کرد و ڕایگەیاند، هیچ کەسێک ناتوانێت ناويان بە توندوتیژییەوە گرێ بدات.

پارتی دیموکراتى گەلان (هەدەپە) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەن پەرلەمانتارێکیان دەستگیربکرێت یان ئاستەنگی بۆ دروست بکرێت بەبیانوی هاتنى ناوى برایەکی لەو ڕووداوەى هەولێردا.

هەدەپە جەختى لەوەکردوەتەوە، ڕووداوەکە بە تەواوى ڕوون نییە و هیوای خواستووە گومان لەسەر ڕووداوەکە بڕەوێنرێتەوە ئەوەش لە رێگەى دیاریکردنى ئەنجامدەرانى ڕووداوەکە و بڵاوکردنەوەى هۆکارەکانى.

دەشڵێت، گرێدانى ناوى پارتەکەیان بەو ڕووداوەوە گومان لەسەر ڕووداوەکە زیاتر دەکات و ئامانجی ڕووداوەکەى هەولێریش هێرشکردنە سەر سیاسەتى ئاشتیخوازانەى هەدەپە و بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و پێکدادانە لە ناوچەکەدا، ئەوانیش پشتیوانى لە کارى لەو شێوەیە ناکەن.

ئەو لێدوانەى هەدەپە دواى ئەوە دێت کە بەشێک لە میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەنجامدەرى ڕووداوەکەى هەولێر برای یەکێک لە پەرلەمانتارانى هەدەپەیە.

دوێنێ پێنج شەممە ١٨ى تەموزى ٢٠١٩ دژەتیرۆرى کوردستان ناو و وێنەى تۆمەتبارێکى هێرشەکەى هەولێری بڵاوکردەوە کە خەڵکى باکورى کوردستانە و ناوى ( مه‌زلوم داغ)ـه‌، له‌دايكبووى ساڵى (١٩٩٢)ه‌ و خه‌ڵكى شارى ئامەدە، ناوبراویش له‌لايه‌ن ده‌زگا ئه‌منييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ داواكراوه‌.

ب.ب