سەردێڕ:

ئەمریکا داوای لە ڕوسیا کرد هەژموونی ئێران لە عێراق و لوبنان ڕابگرێت

کۆبوونەوەی راوێژکارانی ئاسایشیی نەتەوەیی ئەمریکا و ئیسرائیل و روسیا لە ئیسرائیل
فۆتۆ: 
2019-07-19

1898 جار خوێندراوەتەوە

میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل داوای ڕاگرتنی هەژموونی ئێرانیان کردووە بەسەر عێراق و لوبناندا، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی داهاتوو بۆ جەنگی ناوخۆیی سوریا.

کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل بلاویکردەوە، ئەو پێشنیازە لە میانی کۆبونەوەیەکی نێوان هەرسێ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، جۆن بۆڵتۆن راوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی ئەمریکا و مائیر بن شبات هاوتا ئیسرائیلییەکەی و نیکۆڵای باترۆشیف هاوتا ڕوسییەکەی لە شاری قودس کراوە.

کەناڵەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، لایەنی ئیسرائیلی لە دیدارەکەدا جەختیانکردووەتەوە لە چوونە دەرەوەی ئێران لە سوریا، چونکە پێیان وایە هیچ چارەسەرێکی گرفتەکان ناکرێت، ئەگەر بێتوو کێشەی بوونی ئێران بگوازرێتەوە بۆ عێراق و لوبنان.

ئەو میدیا ئیسرائیلیە جەختیکردەوە، راوێژکارانی ئەمریکا و ئیسرائیل داوایەکیان پێشکەش بە هاوتا روسییەکەیان کردووە، کە تیایدا ئاماژەیان بەوە کردوو، هەر ڕێککەوتنێک سەبارەت بە داهاتووی سوریا، دەبێت هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆمپانیا موشەکییانە لەخۆبگرێت، کە ئێران بۆ حزبوڵای دابینکردووە لە لوبناندا، هەروەها پێویستە ئێران چیتر کۆمەکی ئەو گروپانەی نزیک لە خۆی نەکات لە عێراق بە موشەکی دوورهاوێژ کە توانای گەیشتنیان بە ئیسرائیل هەبێت.

جگە لەوەش هەنگاوی یەکەم کە ئەمریکا داوایکردووە لە ڕوسیا، بریتی بووە لە لابردنی چەکە قورسەکانی ئیران لە سوریا، بە تایبەت موشەکە دوورهاوێژەکان، بەڵام کەناڵە ئیسرائیلییەکە هیچ ئاماژەیەکی بە وەڵامی ڕاوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی ڕوسیا نەکردووە لەوبارەیەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل بە دەیان جار بە موشەک و فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە ناوخۆیی سوریا، کە تا ئیستا بەهۆیانەوە چەند ژەنەڕاڵێکی سوپای پاسداران کوژراون.

جگە لەوەش ئەو کۆبوونەوە سێقۆڵییەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و تا ئێستاش چەند جارێک حکومەتی ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی ئێرانی کردووە، ئەگەر بێتوو مەترسیی لەسەر وڵاتەکەی دروستبکات.

ع.م