سەردێڕ:

لەرووداوێکى هاتوچۆدا دوو ژن بەسەختی برینداربوون

تانکەرێکى سوتەمەنى وەرگەڕا
فۆتۆ: 
2019-07-19

8094 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، سۆران، عەبدۆ رۆستایی

بەیانى ئەمڕۆ بەهۆى رووداوێکى هاتوچۆوە لە نزیک قەزاى سۆران دوو ژن بە سەختى برینداربوون.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، رووداوەکە کاتژمێر ١٠:٤٥ خولەکى بەیانى ئەمڕۆ لەڕێگای هامڵتۆن لەنێوان قەزای سۆران – چۆمان بەهۆى وەرگەڕانى تانکەرێکى نەوتەوە بووە کە لە ئێرانەوە هاتووە و نەوتى رەشى پێبووە.

وتیشی، تانکەرەکە لەکاتی وەرگەڕانیدا خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بیکاشۆ و لەئەنجامدا دووسەرنشینی بیکاشۆکە کە هەردووکیان ژنن بەسەختی بریندار دەبن و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی چۆمان دەکرێن.

ئاماژەى بەوەشکرد، دواى رووداوەکەش نەوتە ڕەشەکەی ناو تانکەرەکەش دەڕژێتە سەر شەقامی سەرەکی هامڵتۆن و بەوهۆیەشەوە ئاستەنگى هاتوچۆى دروستکردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەیان ڕووداوی هاتوچۆی لەوجۆرە لەو پێچە ڕوویانداوە و زیانی گیانی و ماددیشی لێکەوتووەتەوە.هەر لەم مانگەشدا بەهۆی وەرگەڕانی تەکسییەکەوە لە ڕێگەى هاملتۆن لە نزیک سۆران شۆفێری تەکسییەکە و دوو برا گیانیان لەدەستدا.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتیان دادەنرێت لە هەرێمی کوردستاندا، بەپێی ئامارەکانیش، لە ١٥ ساڵى ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانى هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی دیکەش کەمئەندام و برینداربوون.

ئ.ر