سەردێڕ:

عێراق و لوبنان بۆ یەکەمجار بەشدارى دانوستانەکانى ئەستانە دەکەن

سەرەتاى مانگى داهاتوو دەستپێدەکات
فۆتۆ: 
2019-07-19

1036 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دەرەوەى کازاخستان ڕایگەیاند، لە قۆناغى ١٣ى دانوستانەکانى ئەستانە لەبارەى دۆخى سوریا کە سەرەتاى مانگى داهاتوو دەستپێدەکات بۆ یەکەمجار عێراق و لوبنان بەشدارى تێدا دەکەن.

بەپێى ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتى دەرەوەى کازاخستان کە ئەمڕۆ هەینى ١٩ى تەموز بڵاویکردوەتەوە، شارى نور سوڵتان میواندارى قۆناغى ١٣ى دانوستانەکانى ئەستانە دەکات لەبارەى چارەسەرى دۆخى سوریا کە وەفدى ئێران و ڕوسیا و تورکیا و حکومەتى سوریا و ئۆپۆزسیۆنى ئەو وڵاتەشى تێدا بەشدارە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە دانوستانەکاندا وەک چاودێرى نێودەوڵەتى نوێنەرانى نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەردەن و هەروەها عێراق ولوبنانیش بۆیەکەمجار بەشدارى تێدا دەکەن.

بەپێى ڕاگەیەنراوەکە، لەم قۆناغەدا کە بڕیارە لە ١ى ئابى داهاتوودا دەستپێبکات، دواین دۆخى سوریا تاوتوێ دەکرێت بەتایبەتى ئیدلیب و باکورى ڕۆژهەڵاتى سوریا کە ڕۆژئاواى کوردستان دەکات.

هاوکات باسى گرتنەبەرى ڕێوشوێنەکان دەکرێت بۆ بەرجەستەکردنى متمانە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانى سوریا و بەرەوپێشبردنى پرۆسەى سیاسى لەو وڵاتەدا لە نێویاندا پرسى پێکهێنان و کارى لیژنەى نوسینەوەى دەستورى سوریا.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ماوەى ١٢ خولى دانوستانى ڕابردوودا لەنێوان نوێنەرى حکومەتى سوریا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بە بەشدارى نوێنەرانى روسیا و ئێران و تورکیا لە ئەستانە و جنێف بەڕێوەچووە، جگە لە ڕێکەوتنى ئاگربەست لە چەند ناوچەیەک کە زۆرجاریش پێشێلى ئاگربەستەکە کراوە لە لایەن ڕوسیا وحکومەتى سوریاوە تا ئێستا نەگەیشتونەتە ڕێکەوتنى کۆتایى بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى سوریا کە لە ٢٠٠٩ وە ڕوبەڕوى شەڕ و وێرانکارى بووەتەوە و هەزار کەس کوژراون و برینداربوون و زیاتر لە پێنج ملیۆن هاوڵاتى ئەو وڵاتەش ئاوارەى ناوخۆ و دەرەوە بوون.

ب.ب