سەردێڕ:

لێدوانی ئێران لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی وڵاتەکەی لە لایەن ئەمریکاوە

فۆتۆ: 
2019-07-19

17980 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ڕاگەیاندنەکەی ئەمریکا، کە ئاماژەی کردبوو بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران لەسەر گەرووی هورمز ڕایگەیاند، ئێران زانیاری نییە لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی وڵاتەکەی.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، ئێران هیچ زانیارییەکی لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە.

ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێران مەترسی بۆسەر کەشتی سەربازیی  یوئێس ئێس بۆکسەر دروستکردووە و  دەستبەجی خستوویانەتەخوارەوە.

ترەمپ وتی "فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تەنها ٩٠٠ مەتر دوور بووە لەو کەشتییە ئەمریکییەوە لە گەروی هورمز.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ڕوداوە بە نوێترین کاری دوژمنکارانەی ئێران دادەنرێت، کە تاران لە دژی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئاوە هەرێمایەتییەکان دەیکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە (رۆژى ٢٠ى حوزەیرانى ٢٠١٩) ئێران فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوانى ئەمریکی لە گەروى هورمز خستەخوارەوە و بەوهۆیەشەوە گرژییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە رووى لە زیادبوون کرد و ئەمریکا سزاى زیاترى بەسەر ئێراندا سەپاند.

ع.م