سەردێڕ:

یەکەمین لێدوانى عەبدولمەهدى لەسەر رووداوەکەى هەولێر

فۆتۆ: 
2019-07-18

10641 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئەردۆغانی ڕاگەیاندووە، ڕووداوەکەى هەولێر کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانیان نابێت.

نوسینگەى عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە عەبدولمەهدی پەیوەندیی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە کردووە و گفتوگۆیان دەربارەی ڕووداوەکەى هەولێر و پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات کردووە.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، "ئەو ڕووداوە و کوشتنى دیپلۆماتەکەى تورکیا هیچ کاریگەرییەکى خراپ ناکاتە سەر پەیوەندییەکانمان و هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی دۆزینەوەى  هێرشبەرەکانن."
هاوکات عادل عەبدولمەهدی سەرەخۆشیی خۆی بەبۆنەى کوژرانی ئەو دیپلۆماتەى تورکیاوە بە ئەردۆغان ڕاگەیاندووە.

ئەمەش لەکاتێکدا، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ١٧ی تەموزی ٢٠١٩ لە رووداوێکی تەقەکردندا لە رێستۆرانتێکی شاری هەولێر جێگری کونسوڵی تورکیا و هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان کوژران و، هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو بەڵام شەوی ڕابردوو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.