سەردێڕ:

ئەمریکا ٥٠٠ هەزار دۆلارى بۆ نۆژەنکردنەوەى پەرستگاى لالش تەرخانکرد

شاندێکى ئەمریکی سەردانی پەرستگاى لالشی کرد
فۆتۆ: 
2019-07-18

1430 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، دهۆک، بێوار حلمی

باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق بڕى ٥٠٠ هەزار دۆلارى بۆ نۆژەنکردنەوەى پەرستگاى لالشى ئێزدییەکان تەرخانکرد.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێکى ئەمریکا بە سەرۆکایەتیى ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق، سەردانى پەرستگاى لالشی کرد و لەگەڵ نوێنەرى میری ئێزدییەکان و جڤاتى رۆحانى و ژمارەیەک کەسایەتى و رۆشنبیریی ئێزدییەکان کۆبوەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق تەرخانکردنى بڕى ٥٠٠ هەزار دۆلارى بۆ نۆژەنکردنەوەى پەرستگاکە راگەیاندووە و، باسیشی لە رەوشى ئێزدییەکان لە کامپ و گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان کرد.

لەبارەى چۆنێتى نۆژەنکردنەوەى پەرستگاى لالش وتی، لیژنەیەک لە زانکۆى پەنسلڤانیا لە ئەمریکا پێکهێنراوە، تا وردەکاریی ئەو کەلوپەلانەى کە پێویستە بە باشترین شێوە بۆى دابینبکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتریش باڵیۆزى عێراق لە ئەمریکا داواى نۆژەنکردنەوەى هەریەک لە مەزارى نەبی ناحوم لە ئەلقوش، قەڵاى هەولێر و پەیمانگەى عێراق بۆ پاراستنى کەلتور و چەند شوێنەوارێکى دیکەی کرد.

پەرستگاى لالش یەکێکە لە پەرستگا دێرینەکانى ئێزدییەکان، کە دەکەوێتە سنورى قەزاى شێخانى سەربە پارێزگاى دهۆک.