سەردێڕ:

ڕوسیا ئامادەیە فڕۆکەى سوـــــ٣٥ی جەنگى بداتە تورکیا

فۆتۆ: 
2019-07-18

5977 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەى ئەمریکا تورکیای لە فڕۆکەى ئێف ٣٥ بێبەشکرد، ڕوسیا ئامادەیی خۆی نیشاندا فڕۆکەى پێشکەوتووی جەنگیی سوـ٣٥ی وڵاتەکەی بداتە تورکیا.

سێرگی چیمیزۆڤ بەڕێوەبەری  گشتیی کۆمپانیای ڕوستیخ کە فڕۆکەى جەنگیی ڕوسی دروستدەکات، ڕایگەیاند، ئەگەر تورکیا  حەزبکات ئەوا ئامادەین پێشکەوتووترین فڕۆکەى جەنگیى ڕوسی پێ بفرۆشین، کە فڕۆکەى سو ـ٣٥ـە .

دوێنێش جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەگەر تورکیا بیەوێت فڕۆکەى جەنگیى ڕوسی بکڕێت، ئەوا ئامادەی گفتوگۆین لەوبارەیەوە.

ئەمەش دوای ئەوە هات، دۆناڵد تڕەمپ لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند، پەیوەندیی باشمان هەیە لەگەڵ تورکیا، بەڵام بەهۆی بوون بە خاوەنی موشەکی ئێس ٤٠٠ی ڕوسی، وڵاتەکەی ناچارە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی ئێف ٣٥ بە تورکیا ڕەتبکاتەوە.

دواتریش وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئیدانەی بڕیارێکی ئەمریکای سەبارەت بە دوورخستنەوەی وڵاتەکەی لە پرۆگرامی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێف ٣٥ کرد و رایگەیاند، "بڕیاری دوورخستنەوەمان دەبێتە هۆی دروستبوونی برینێک لە پەیوەندییەکانمان کە چارەسەری نابێت."