سەردێڕ:

میدیای تورکیا وردەکاریی رووداوەکەی دوێنێی هەولێر ئاشکرادەکات

دیپلۆماتکارێکی کونسوڵخانەی تورکیا کوژرا
فۆتۆ: 
2019-07-18

90491 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی تورکیا وردەکاریی چۆنێتی کوشتنی دیپلۆماتکارەکەی کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەولێر ئاشکرادەکەن.

شوێنی ڕووداوەکە:

ئەو ریستۆرانتەی دوێنێ دیپلۆماتکارەکەی تورکیای تێدا کوژرا دەکەوێتە ناو پرۆژەی ئیمپایەرەوە کە لە نێوان شەقامی سەد مەتری و شەقامی چل مەتریدایە و پرۆژەی شاری خەونەکانیش لە تەنیشتییەوەیە و لایەکی دیکەشی هۆڵی سەعد عبدوڵا و هوتێل دیڤانە  و تەنیا دوو کیلۆمەتر و نیو لە بینای ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانەوە دوورە لە ئارامترین و پارێزراوترین شوێنی هەولێری پایتەختدایە.

هێرشبەرکان چاودێری شوێنەکەیان کردووە:

بەپێی میدیاکانی تورکیا پێش ڕووداوەکەی دوێنێی هەولێر ئەو کەسانەی هێرشەکەیان کردووە چاودێری شوێنەکەیان کردووە و دوای ئەوەی دیپلۆماتکارەکەی کونسوڵخانەی تورکیا ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل رادەگرێت و دەچێتەژوورەوە هێرشبەرەکان لە هەمان شوێن ئۆتۆمبێلەکەیان ڕادەگرن.

چەند کەس هێرشەکەیان کردووە؟

بەپێی میدیاکانی تورکیا کە کامێرای چاودێری رێستۆرانتەکەیان سەیرکردووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی هێرشەکەیان کردووە سێ کەس بوون و پێنج خولەک دوای چوونەژوورەوەی دیپلۆماتکارەکەی تورکیا چوونەتە هەمان شوێن و دوانیان چوونەتە ژووەرەوە و یەکێکیان لە ئۆتۆمبێلەکەدا چاوەرێی کردوون.

ئەو دوو کەسەی چوونە ژوورەوە چۆن دیپلۆماتکارەکەیان کوشت؟

بەپێی کامێراکانی چاودێری، دوای چوونە ژوورەوەی ئەو دوو چەکدارە لە مێزی دیپلۆماتکارەکە نزیک دەبنەوە و راستەوخۆ تەقەیان لێکردووە.

لە هێرشەکەدا چ جۆرە چەکێک بەکارهاتووە؟

وەکو لە کامێراکانی چاودێری دەرکەوتووە و میدیاکانی تورکیا ئاماژەی پێدەکەن، لە هێرشەکەدا هەردوو هێرشبەرەکە دەمانچەی بێ دەنگیان بەکارهێناوە و ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکە هەڵهاتوون.

چارەنوسی ئەو دوو کەسی تەقەیان کردووە:

دوای ئەوەی تەقە لە دیپلۆماتکارەکە دەکەن و هەڵدێن یەکێک لە تەقەکەرەکان لەلایەن پاسەوانێکی تایبەتەوە کە لەوێ نانی خواردووە، تەقەی لێ دەکرێت و برینداردەکرێت و بە برینداری هەڵدێت و خۆی دەگەیەنێت بە ئۆتۆمبێلەکە و پێکەوە لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵدێن.

ئەو دیپلۆماتکارەی دوێنێ لە هەولێر کوژرا کێیە؟

ئەو کارمەندەی کونسوڵخانەی تورکیا کە لە رووداوەکەی دوێنێی هەولێر کوژرا ناوی عوسمان کۆسەیە و تەمەنی ٣٦ ساڵ بووە و خێزانداربووە لە دایکبووی شاری مێرسینی تورکیایە.

میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەکردووە، عوسمان کۆسە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە شاری ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا ژیاون باوکی دوو منداڵ بووە.

عوسمان کۆسە

ئەو دوو کەسەی دیکە کە لە ڕووداوەکەدا کوژران:

لە ڕووداوەکەی دوێنێدا دوو کەسی دیکەی دانیشتووی هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی نەریمان عوسمان و بەشدار رەمەزان بەهۆی نزیکیان لە مێزی دیپلۆماتکارەکەی تورکیاوە کوژران.

نەریمان عوسمان دانیشتووی گوندی بێشووکی جوندیانی سەر بە رەواندوزە دوێنێ بۆ کارێکی تایبەت چووەتە هەولێر و ئامۆزا و پاسەوانى تایبەتى ئازاد جوندیانی بووە.

Image may contain: 1 person, pool, sky and outdoor

هاوکات بەشدار رەمەزان کە دوێنێ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا  دانیشتووى ناحیەى دیانایە لە قەزاى سۆران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نیوەڕۆی دوێنێ لە رووداوێکی تەقەکردندا لە رێستورانتێکی شاری هەولێر کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان کوژران و هاووڵاتییەکی دیکەش برینداربوو و دواتر دوێنێ شەو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.