سەردێڕ:

چەمچەماڵ.. هۆشدارى دەدرێت لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشى ڤایرۆسى جگەر

فۆتۆ: 
2019-07-18

21597 جار خوێندراوەتەوە

توشبوويەکى نەخۆشى ڤایرۆسى جگەر لە چەمچەماڵ چۆنییەتى و هۆکارى توشبوونى بە نەخۆشیەکە دەگێڕێتەوە و هۆشداریش دەدرێت لە بڵاوبوونەوەى.

خەلیل سادق تووشبووى نەخۆشییەکەیە و خێزاندارە باس لە چۆنیەتى توشبوونى بە نەخۆشییەکە وهۆکارەکەى دەکات کە کاتێک لە چەمچەماڵ رووى لە سەنتەرێکى ددان کردوە بۆ سپی کردنەوە و پاککردنەوەى ددانێکى.

 باسى لەوەشکردووە، پاش ماوەیەک دەرکەوتووە سەدان ڤایرۆس گواستراونەتەوە بۆ جگەرى وبەو هۆیەشەوە توشى نەخۆشى ڤایرۆسى جگەر بووە لە جۆرى c..

خەلیل لەرێگەى ٢٨ دەرزى تایبەت کە هەر دانەیەکیان نرخى ٧٠٠ دۆلارە و بۆ هەر پارچە حەپێک کە نرخەکەى ٢٠٠ هەزار دینار بووە، توانیویەتى چالاکى ڤایرۆسەکانى جگەرى رابگرێت، بەڵام تا ئێستا لە لەشیدا ماون.

بێستون عومەر پزیشکێکى ددانە و ئاماژە بەمەترسیەکى گەورە دەکات لە بەشێک لە سەنتەرەکانى دداندا کە ئامێرو کەرەستە پزیشکییەکان پاش بەکارهێنانیان خاوێن ناکرێنەوە و دووبارە بەکاردەهێنرێنەوە ئەوەش بەهۆکارێکى دیارو راستەوخۆى گواستنەوەى ڤایرۆسەکە ناودەبات.

هاوکات شاخەوان هادى، لێپرسراوى هۆبەى چاودێریی و تەندروستى چەمچەماڵ ڕایگەیاند، لیک وخوێن و سێکس هەروەها کەرەستەو ئامێرە پزیشکیەکان ئەگەر پاکنەکرێنەوە، کەرەستەکانى سەرتاشین بەهۆکارە دیارەکانى گواستنەوەى ڤایرۆسەکان دادەنرێن لە کەسێکەوە بۆ یەکێکى تر.

هەوکردنى جگەر نەخۆشیەکى ڤایرۆسی باوە لە جیهاندا و چەندین جۆرى هەیە مەترسیدارترینیان جۆرەکانى( c – b )ین، بەپێى داتاکان لە هەرێمى کوردستان بەتەنیا لە ساڵى رابردوودا ٥٩٧ توشبووى نەخۆشى ڤایرۆسى جگەر بە جۆرى (b) تۆمارکراون.