سەردێڕ:

بەشێک لە حزبەکانى ڕۆژهەڵات سەرقاڵى دانوستانن لەگەڵ حکومەتى تاران

دواى ٤٠ ساڵ یەکەمجارە بەو شێوەیە کۆدەبنەوە
فۆتۆ: 
2019-07-18

3357 جار خوێندراوەتەوە

بەپێى ماڵپەرى ئەلمۆنیتەرى ئەمریکى بڕیارە لەمانگى داهاتوودا گەڕى سێیەمى دانوستانى حزبەکانى ڕۆژهەڵات لەگەڵ حکومەتى تاران دەستپێبکات.

هەرچەندە حزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، مێژویەکى تاڵیان هەیە لە بابەتى دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتى ئێراندا، بەردەوامیش باس لەوە دەکەن کە لە ماوەى ڕابردوودا چەند جارێک هەوڵى چارەسەرکردنى کێشەکانیان داوە بەڕێگەى ئاشتیانە، بەڵام دواتر بەزیانێکى زۆر لێى دەرچوون، لەئێستاشدا جارێکى دیکە بەشێک لە حزبەکانى ڕۆژهەڵات سەرقاڵى دانوستانن لەگەڵ حکومەتى تاراندا.

بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى ماڵپەرى ئەلمۆنیتەرى ئەمریکى، بڕیارە لەمانگى داهاتوودا گەڕى سێیەمى دانوستانەکان بە نێوەندگیرى ڕێکخراوێکى نەرویجى بەناوى سەنتەری نەرویجی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان لەنێوانیاندا دەستپێبکات، ئەم کۆبونەوەیەش لەکاتێکدایە کە کۆبوونەوەى یەکەم لە مانگى ئایار و کۆبونەوەى دووەمیش لەمانگى حوزەیراندا لە هۆتێلێکى نەرویج بەڕێوەچووە.

جموجۆڵەکان بۆ دەستپێکردنی دانووستان لەنێوان حزبە کوردییەکان و حکومەتی ئێران لە کاتێکدایە، فشار و گەمارۆکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران توندتربوون و تائێستاش نازانرێت هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری و دانوستان چ ئەنجامێکیان دەبێت؟.

بەشێک لە چاودێرانیش پێیان وایە گفتوگۆکانی ئێران لەگەڵ ئەو حزبانە هەوڵێکی وڵاتەکەیە بۆ ڕێگریکردن، لە دروستبوونی هەماهەنگی نێوان هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات لەگەڵ ئەمریکادا.

وەک ماڵپەری ئەلمۆنیتەر ئاماژەى پێکردووە، گفتوگۆکانى ئەمجارە بە پێشهاتێکی گرنگ دادەنرێت، لە چارەسەرکردنی کێشەی حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەو پێیەی لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تائێستا ئەمە یەکەمجارە ئێران لەگەڵ حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتدا بە نێوەندگیرى دەزگایەکی بیانی دەچێتە سەر مێزی گفتوگۆکان.

لەبارەی ئەو گفتوگۆیانەوە ژمارەیەک بەرپرس لە حزبە کوردییەکان زانیارییان بۆ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر ئاشکراکردووە، بەڵام بەهۆی هەستیاری کۆبوونەوەکانەوە، داوایانکردووە ناویان ئاشکرانەکرێت.

یەکێکیش لەو بەرپرسانە جەختی لەوەکردووەتەوە، گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران بە واتای دانوستانکردن نایەت، بەڵكو گفتوگۆکان بناغەدانانە بۆ دانوستان لەگەڵ تاراندا و حزبە کوردییەکانیش چاودێری دۆخەکە دەکەن، تا بزانن ئێران نیازپاکی خۆی نیشاندەدات یاخود نا.

حزبەکانى ڕۆژهەڵات بە گومانێکى زۆرەوە لە نیەتی حکومەتی ئێرانی دەڕوانن و دەڵێن، بۆ یەک چرکەش بڕوایان بەوە نییە کە حکومەتی ئێران نیازپاکی هەبێت.

بەرپرسێکى دیکەی یەکێک لە حزبە کوردییەکانی بەشدار لە گفتوگۆکانیش ئاشکرایکردووە، سەید محەمەد کازم سەجادپور دیپلۆماتکاری پێشووی ئێران، کە ئێستا ڕاوێژکاری محەمەد جەواد زەریفە، نوێنەرایەتی شاندی حکومەتی ئێران دەکات لە نەرویج.

بەرپرسەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو ڕاوێژکارەی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریداوەتە لایەنی کوردی، کە ئەگەر بۆ ڕێنماییەکانی تاران ملکەچ نەبن، ئەوا خۆیان توشی "دەرئەنجامێکی خراپ" دەکەنەوە.

لەسەرەتادا هەوڵدرا کۆبونەوەکان بە نهێنی بهێڵدرێنەوە، بەڵام دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زانیاری لەبارەیانەوە دزەیکرد و حزبە کوردییەکانیش هەواڵی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانیان پشتڕاستکردەوە، ئەلمۆنیتەریش لەوبارەیەوە دەڵێت، گومان دەکرێت لایەنی کوردی لەپێناو پاراستنی سەلامەتی خۆیاندا زانیارییان لەبارەی کۆبوونەوەکان ئاشکرا کردبێت، چونکە هەروەکو یەکێک لە بەرپرسانی ئەو حزبە کوردیانە ئاماژەی پێکردووە، هەرکاتێک کۆبوونەوەی نهێنییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێراندا کردبێت، بووەتە هۆی کوژرانیان لەماوەى ڕابردوودا.