سەردێڕ:

سەرۆکی سریلانکا ئەنجامدەری تەقینەوەکانی مانگی نیسانى ڕابردووی وڵاتەکەیی ئاشکرا کرد

یەکێک لەو کڵێسایانەی کە هێرشی کرایە سەر لە سریلانکا
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-07-17

3467 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی سریلانکا ئاشکرایکرد، گروپە یاخییەکانی بەقاچاغبردنی  مادە هۆشبەرەکانی جیهانی لەپشت هێرشەکانی جەژنی قیامەوە بوون لە سریلانکا، سەرباری ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پێشتر هێرشەکانیان خستبووە ئەستۆی چەکدارە ئیسلامییەکان.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی مایسریبالا سیریسینا سەرۆکی سریلانکا ڕایگەیاند، "هێرشەکان لەلایەن بازرگانی مادە هۆشبەرەکانەوە ئەنجامدراون."

ئاماژەی بەوەش کرد، "گروپە یاخییەکانی تایبەت بە بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان هێرشەکانیان ئەنجامداوە، بە ئامانجی ناوزڕاندنی من و شکستپێهێنانی ئەو هەوڵانەی کە دەدرێت بۆ لەناوبردن و ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە، هەر لەبەر ئەوەش ئەوانە ناتوانن پاشگەزم بکەنەوە."

لێپرسراوانی پۆلیسی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە تەقینەوە خۆکوژییەکانی ڕۆژی ٢١ی نیسانی ڕابروو تا ئێستاش بەردەوامە و، سەرجەم ئەو کەسانەش بەو تۆمەتە دەستگیرکراون ژمارەیان لە ١٠٠ کەس تێپەڕناکات و سەرجەمیان هاوڵاتیی سریلانکان.

هاوکات لێپرسراوێکی باڵای پۆلیس کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بە ئاژانسی هەواڵیی فەڕەنسای ڕاگەیاندووە، ئەوان لەسەر بنەمای ئەوە مامەڵەیان کردووە، کە تاوانەکان لەلایەن گروپێکی موسڵمانی سریلانکاوە پلانی بۆ داڕێژراوە، کە داڵدەی توندڕەوەکانیان داوە.

وتووشیەتی، "سەرجەم تۆمەتبارەکان یان دەستبەسەرن یان گیانیانلەدەستداوە."

ئەو ڕاگەیاندنەی مایسریبالا سیریسینا سەرۆکی سریلانکا لەکاتێدایە، لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕێوشوێنی توندوتۆڵ گیراوەتەبەر و سەرۆکی وڵات لە هەوڵی گێڕانەوەی سزای لەسێدارەدانە بۆ ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەکەن.

پێشتر دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەکاتی هێرشەکانی ڕۆژی جەژنی قیامە ڕایانگەیاندبوو، گروپێکی ناوخۆیی بە ناوی "گروپی تەوحیدی نیشتمانی" بەرپرسە لە تەقینەوە خۆکوژییەکان، کە چەند کڵێسا و ئوتێلێکی ئەو وڵاتەی گرتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٥٨ کەس لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، دواتریش ڕێکخراوی داعش لێپرسراوێتیی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاند.

دوای تەقینەوەکان سەرۆکی سریلانکا ئەو کاتە ئۆباڵی تەقینەوەکانی خستە ئەستۆی گروپێکی تیرۆیستیی نێودەوڵەتی.

لە ئێستادا سەرۆکی سریلانکا لە شەڕێکی سیاسیی قورسدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، کە لە ساڵی ١٩٧٦ەوە کاری پێ ناکرێت.

ع,م