سەردێڕ:

وردەکاریی شەهیدبوونی سەرکردەیەک و چوار گەریلای پەکەکە

فۆتۆ: 
2019-07-17

7912 جار خوێندراوەتەوە

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، شەهیدبوونی دوو سەرکردەی دیکەی ڕاگەیاند، بەوەش لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، چوار سەرکردەی پەکەکە بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهیدبوون.

ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە، پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی ٢١ی ئازاری ئەمساڵ، کە دەکاتە ڕۆژی نەورۆز، عەلی ئاکتاش و ئەمروڵا دورسون، لەگەڵ سێ گەریلادا بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، شەهیدبوون.

عەلی و ئەمروڵا دوو سەرکردەی پەکەکە بوون و یەکێکیان ٤١ ساڵ و ئەوی دیکەیان ٢٨ ساڵ بوو لەناو پەکەکەدا بوون.

عەلی ئاکتاش ناسراو بە سینانی سور، لە ساڵی ١٩٥٩ لە ماردین لە باکوری کوردستان لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٧٨ ئەو ساڵەی پەکەکەی تێدا دامەزرا، سینان تەمەنی ١٩ ساڵ بووە و پەیوەندیی بە پەکەکەوە کردووە، ئەو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە دادەنرێت. بەڵام سینان بە دەگمەن لە میدیاکانەوە دەرکەوتووە، بەپێی وێنە بڵاوکراوەکانیشی، دەردەکەوێت ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئۆجەلاندا ماوەتەوە و پاسەوانی تایبەتیشی بووە.

ئەمروڵا دورسون، ناسراو بە سەرحەد ڤارتۆ، یەکێکبووە لە سەرکردەکانی پەکەکە و ساڵی ١٩٧٠ لە شاری موش لە باکوری کوردستان لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩١ لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا پەیوەندیی بە پەکەکەوە کردووە، چەند ساڵێکیش فەرماندەی مەیدانیی پەکەکە بووە لە چیاکانی ئامانۆس لە تورکیا.

سەرحەد ڤارتۆ، ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕژێمی سوریاوە دەستگیرکراوە و ماوەی دوو ساڵ زیندانی کراوە، ئەم ساڵانەی دوایی ڤارتۆ ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەجەکە بوو، ساڵی ڕابردووش لەگەڵ بەشێک لە حزبەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆبوەوە، بە مەبەستی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی.

هەر بەهۆی ئەو بۆردومانەوە، چەند گەریلایەکی دیکە شەهیدبوون کە بریتین لە (ناڤدار سنگەر) کە لە ساڵى ١٩٧٤ لە بەدلیس لەدایکبووە و ساڵى ١٩٩٣ پەیوەندیى بە پەکەکەوە کردووە، (سەرحەد شەفەک)یش ساڵى ١٩٧٤ لە ئاگرى لەدایکبووە و ساڵى ١٩٨٨ پەیوەندیى بە پەکەکەوە کردووە، هەروەها (شیار فەرشین)ی تەمەنى ٢٣ ساڵیش لە وان لەدایکبووە و لە ساڵی ٢٠١٤وە پەیوەندیی بە پەکەکەوە کردووە.

شەهیدبوونی ئەم دوو سەرکردەیەی پەکەکە، دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە، لەگەڵ دوو گەریلادا بە بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە بناری قەندیل شەهیدبوون.

هەروەها ڕۆژی ١٥ی ئابی ٢٠١٨ زەکی شەنگالی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی جڤاکی ئێزدی لە سنوری شەنگال، بە بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا شەهیدبوو