سەردێڕ:

جوڵانەوەی نەوەی نوێ: پاراستنی سەلامەتی نوێنەر و دیبلۆماتکارەکان ئەرکی حکومەتی هەرێمە

لەسەر ڕووداوەکەى هەولێر
فۆتۆ: 
2019-07-17

2201 جار خوێندراوەتەوە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، پاراستنى سەلامەتى گیان و ئاسایشى نوێنەرو دیبلۆماتکارو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی ناو هەرێمی کوردستان بەئەرکى حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان دەزانێت.

لە ڕاگەیەندراوێکیدا جوڵانەوەی نەوەى کە ئەمڕۆ چوارشەممە (١٧ی تەموزی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند "وێڕاى ئیدانەکردنى ئەو رووداوە، وەک جوڵانەوەیەکى مەدەنى باوەڕمان بە سەقامگیرى سیاسى و ئەمنى هەیە تا دەگاتە سەقامگیرى ئابووری، کە لە کۆتاییدا گوزەرانى هاووڵاتیان بەو سەقامگیرییە ئەمنی و سیاسیە باش دەبێت، ھاوکات پێمان وایە هەمو هێرشێکی چەکداری و بەتایبەت ئەو جۆرە رووداوانە جگە لە زیانگەیاندن و دروستکردنى گرژى و ئاڵۆزى زیاتر لەناوچەکەدا، کە خۆى بەگرژییەکى زۆردا تێدەپەڕێت، شتێکى ترى لێ ناچنرێتەوە و هاوکات هەموو هێرشێک بۆ سەر نوێنەرانی وڵاتان و بیانییەکان و  کونسوڵ و دیبلۆماتکارەکان ئیدانە دەکەین".

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەیاننامەکەدا پێی وایە ئەم کارە پێشینەیەکی خراپە و رەنگە ببێتە هۆکارێک کە لە داهاتودا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وەبەرهێنانی بیانی لە کوردستان دوربکەونەوە، کە ئەمەش جگە لە خراپتربوونی دۆخى ئابوری، وا دەکات چاودێری نێودەوڵەتی لەسەر دەسەڵاتی کوردی کەمتر بێتەوە، هەموو ئەمانەش دژ بە تێڕوانین و ستراتیژی نەوەی نوێیە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جوڵانەوەى نەوەى نوێ جەختیکردووەتەوە، پاراستنى سەلامەتى گیان و ئاسایشى نوێنەرو دیبلۆماتکارو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی ناو هەرێمی کوردستان بەئەرکى حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان دەزانێت.

هاوکات کارى حکومەتى هەرێم و دەزگا پەیوەندیدارەکانە کە ساڵانە بودجەیەکی گەورە بۆ مەلەفی ئەمنی تەرخان دەکەن و چەندین دەزگای ئەمنییان هەیە،کاریان ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەى وردو خێرا لەو رووداوەى ئەمڕۆى شارى هەولێر بکەن و بکەران بدۆزنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ تەقە لە ریستۆرانتێکى هەولێر کرا کە کارمەندانى کونسوڵخانەى تورکیاى تێدابووە، ئاسایشی هەولێریش رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە کارمەندێکى کونسوڵخانەکە و هاوڵاتییەک کوژرا و یەکێکى دیکەش برینداربووە.

ع.م