سەردێڕ:

پارێزەرى تۆمەتبارێکى دۆسیەى سێوان قادر وەڵامى سۆران عومەر دەداتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-17

33289 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەرى تۆمەتبار (س.م) کە دۆسیەکەى لە دۆسیەى سێوان قادر داخرا وەڵامى سۆران عومەر پەرلەمانتارى کوردستانى دایەوە و رایگەیاند، هیچ کەس و بەرپرسێکی حکومی یاخود حزبی دەستی لەو کەیسە وەرنەداوە.

سامى ساتى لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوە کردووە، "گواستنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/۱ لەسەر داوای داواکاران بە مافی کەسی (سێوان قادر) بووە و، هەر خۆیان داوایانکردووە ئەو پەڕاوە بگوازرێتەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/۱، وە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانیش ئەو داوایەیانی پەسەندکرد، بەبێ هیچ ئاماژەپێدانێک بەوەی دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ کەمتەرخەم بووە، یاخود دەست تێوەردانی تێدا کراوە."

راشیگەیاندووە، "هیچ کەس و بەرپرسێکی حکومی یاخود حزبی دەستی لەو کەیسە وەرنەداوە و دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/۱ دوای تەواوبوونی هەموو لێکۆڵینەوەیەک لە پەڕاوەکە و نەبوون و دروستنەبوونی هیچ بەڵگەیەک کە شایەنی ئەوەبێت تۆمەتباری پێ هەواڵەبکات بۆ دادگای تایبەتمەند، بۆیە پاڵپشت بە ماددەی ۱۳۰ بڕگەی ب لە یاسای بنەمایی دادگاییکردنی سزای بڕیاری ئازادکردن و داخستنی دۆسیەکەی دا."

پارێزەرى ئەو تۆمەتبارەى کەیسی سێوان قادر ئەوەشى روونکردووەتەوە، "بریکارانی سکاڵاکار بە مافی کەسی داوای پێداچوونەوەیان بە بڕیارەکەدا کرد، دادگای تاوانەکانی سلێمانی دوای وردبینی لە پەڕاوەکە، بە پشتبەستن بە چەندین بەڵگە لە پەڕاوەکە، کە بێتاوانیی تۆمەتبار (س.م) دەسەلمێنێت، لە رۆژی ۱۰/٦/۲۰۱۹ بڕیاریاندا بە پەسەندکردنی بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/۱، بە دڵنیایەوە ئەو بڕیارەش بڕیارێکی بێ لایەنانە و دووربووە لە هەموو دەست تێوەردانێک."

ڕۆژى ١٣ى ئەم مانگە سۆران عومەر ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەسەر فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لە وتارێکیدا کە لە ئەکاونتى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، نوسیوویەتى، "تاوانی سووتانی سێوان قادر و سێ منداڵه‌كه‌ی به‌لاڕێدا ده‌برێ! كه‌یسه‌كه‌ ته‌داخولی تێدایه‌ و تۆمه‌تبارێك ئازادكراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش وه‌ك پێویست نه‌بوون!"

نوسیوویشیەتى، "ئه‌وه‌ی دادگا و لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌خاته‌ ژێر پرسیار و گومانی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ له ‌لێكۆڵنه‌وه‌دا تۆمه‌تبارێك كه‌ به ‌هۆكاری كێشه‌كه‌ ناوزه‌د ده‌كرێ و سكاڵای له‌سه‌ره‌ و له ‌ته‌واوی ڕووداوه‌كه‌ ئاگاداره‌! سه‌ره‌ڕای ئازادكردنی له‌ ته‌میزی بڕیاره‌كه‌دا، دۆسیەكه‌ی داده‌خرێ." دەشڵێت، "لەگه‌ڵ هاوڕێكانم له‌ په‌رله‌مان و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان و داواكاری گشتی و ڕێكخراوه‌كانی ژنان و منداڵان و مافه‌كانی مرۆڤ، فشاره‌كان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری ده‌گرینه‌به‌ر له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ و هه‌وڵی به‌لاڕێدابردنی."

ڕۆژى دووشەممە٢٢ی نیسانی ٢٠١٩، دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی یەک بریاریدا بە ئازادکردنی تۆمەتباری دووەمی کەیسى سێوان قادر.

شەوی ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨  بەھۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە گەڕەکی ئاسودەی قەزای چەمچەماڵ سێ منداڵی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و دایکی منداڵەکانیش بەشێکی زۆری  جەستەی سوتاو دوای هەشت رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.