سەردێڕ:

حکومەتى هەرێم: ئیدانەى رووداوەکەى هەولێر دەکەین

فۆتۆ: 
2019-07-17

6975 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى هەرێم ئیدانەى رووداوەکەى هەولێرى کرد و رایگەیاند، "لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکى لێکۆڵینە و بەدواداچوونى جددین بۆ دۆزینەوەى ئەنجامدەران و بەسزاگەیاندنى یاسایییان."

حکومەتى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە،"نیوەڕۆى ئەمڕۆ لە یەکێک لە ڕێستوڕانتەکانى هەولێر ڕوویدا و لە ئەنجامدا کارمەندێکى کونسولخانەى تورکیا و هاووڵاتییەک گیانیان لەدەست دا و هاووڵاتییەکى دیکەش بریندار بوو."

روونيشيكردووەتەوە، "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستان خەریکى لێکۆڵینە و بەدواداچوونى جددین بۆ دۆزینەوەى ئەنجامدەران و بەسزاگەیاندنى یاسایییان."

باسی لەوەشکردووە، "بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئارامى و سەقامگیریى هەرێمى کوردستان بشێوێنرێت."

لەلایەکى دیکەوە سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا سەرەڕاى ئیدانەکردنى رووداوەکە رایگەیاندووە، "رێگه‌ ناده‌ین ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان ئاڵۆزبکرێت و به‌دواداچوون و لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ ده‌ستگیرکردنی تاوانکاران به‌رده‌وامه تا ده‌دۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزای خۆیان ده‌گه‌یه‌نرێن. "

 ئەوەش لەکاتێکدایە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ تەقە لە ریستۆرانتێکى هەولێر کرا کە کارمەندانى کونسوڵخانەى تورکیاى تێدابووە، ئاسایشی هەولێریش رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە کارمەندێکى کونسوڵخانەکە و هاوڵاتییەک کوژرا و یەکێکى دیکەش برینداربووە.

دواى رووداوەکەش هەریەکە لە سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا و وەزارەتى دەرەوە رایانگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم و بەغدا لەسەر خەتن بۆ دۆزینەوەى تەقەکەرەکان و دەستگیرکردنیان.

هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە بەغدا ئیدانەی روداوی تەقەکردن و کوژرانی یەکێک لە کارمەندانی کونسوڵخانەی تورکیای لە هەولێر کرد.