سەردێڕ:

یەکەمین لێدوانى ئەردۆغان لەسەر هێرشەکەى هەولێر

فۆتۆ: 
2019-07-17

106979 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمارى تورکیا ئیدانەى هێرشەکەى ئەمڕۆى هەولێرى کرد و رایگەیاند، لەپەیوەندیدا دەبن بۆ دۆزینەوەى هێرشبەرەکان.

رەجەب تەییب ئەردۆغان لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر ئاماژەى بەوەکردووە، لەگەڵ بەرپرسانى عێراق وهەرێم لە پەیوەندیی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەى هێرشبەرانى رووداوەکە.

دواى هێرشەکەش ئیبڕاهیم کاڵن وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا رایگەیاند، وەڵامى پێویستیان دەبێت بۆ ئەو کەسانەى هێرشەکەیان کردووە.

لەلایەکى دیکەوە وەزارەتى دەرەوەى تورکیا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە، لە رووداوەکەدا کارمەندێکی کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان کوژراوە و  لەگەڵ کاربەدەستانى هەرێم و بەغدا لەسەر خەتن بۆ دۆزینەوەى ئەنجامدەرانى هێرشەکە.

ئاسایشى هەولێریش لەراگەیەنراوێکدا روونیکردووەتەوە، "ئێمە لە کاتێکدا ئەم رووداوە بە تووندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و هاوخەمی خۆشمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕین ."

راشیگەیاندووە، "هاوڵاتیانی هەولێر و بە تایبەتیش دیپلوماتکاران دڵنیا دەکەینەوە کە رێگە نادەین دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت . لێکۆلینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن."

باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە بەغدا ئیدانەی روداوی تەقەکردن و کوژرانی یەکێک لە کارمەندانی کونسوڵخانەی تورکیای لە هەولێر کرد.

 ئەوەش لەکاتێکدایە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ تەقە لە ریستۆرانتێکى هەولێر کرا کە کارمەندانى کونسوڵخانەى تورکیاى تێدابووە، ئاسایشی هەولێریش رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە کارمەندێکى کونسوڵخانەکە و هاوڵاتییەک کوژرا و یەکێکى دیکەش برینداربووە.