سەردێڕ:

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا: ئیدانەی هێرشەکەی هەولێر دەکەین

فۆتۆ: 
2019-07-17

4942 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئیدانەی روداوی تەقەکردن و کوژرانی یەکێک لە کارمەندانی کونسوڵخانەی تورکیای لە هەولێر کرد.

لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە (١٧ی تەموزی ٢٠١٩) باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بڵاویکردەوە "نوێنەرایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا ئیدانەی هێرشە دڕندانەکەی سەر کارمەندانی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر دەکات".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "سەرەخۆشی پێشکەش بە کونسوڵخانەی تورکیا دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ سەلامەتی گیانی دیپلۆماتکارە بیانییەکان و نوێنەرانی دیپلۆماتی بیانی لە عێراق دەردەبڕێن".

ئەوەش لە کاتێکدایە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ریستۆرانتێکى هەولێر تەقە لە ژمارەیەک کارمەندى کونسوڵخانەى تورکیا کراوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش بڵاویکردووەتەوە لە هێرشەکەدا کارمەندێكی کونسوڵخانەکەیان کوژراوە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم و عێراق لەسەرخەتین بۆ دۆزینەوەى هێرشبەرەکان و دەستگیرکردنیان".

لەلایەکی دیکەوە ئاسایشى هەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "لە رێستورانتێکی شاری هەوڵێر رووداوێکی تەقە کردن روویدا کە بەداخەوە بووە هۆی گیان لە دەستدانی کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و هاووڵاتیەک و برینداربوونی یەکێکی دیکەش".

دواتریش وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا رایگەیاند، وەڵامى پێویستیان دەبێت بۆ ئەو کەسانەى هێرشەکەیان کردووە.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر خەتن بۆ زانینی وردەکاریی کوژرانی دیپلۆماتکارێکی تورکی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

ع.م