سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر تەقەکردنەکەی هەولێر هاتە دەنگ

فۆتۆ: 
2019-07-17

4482 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر خەتن بۆ زانینی وردەکاریی کوژرانی دیپلۆماتکارێکی تورکی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ڕوسیا تودەیی ڕاگەیاندووە، ئیدانەی کوژرانی دیپلۆماتکارێکی تورکیا دەکەن لە شاری هەولێر.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر خەتن بۆ زانینی وردەکاریی ڕووداوەکە.

سەرچاوەیەک بەو میدیا ڕوسیەی ڕاگەیاندووە، هێرشی سەر دیپلۆماتکارە تورکەکان لەناو ئوتۆمبێلێکەوە ئەنجامدراوە و لە ئێستاشدا لە دەوروبەری کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر ڕێوشوێنی توندوتۆڵ گیراوەتەبەر.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، لە رێستۆرانتێکى هەولێر تەقە لە ژمارەیەک کارمەندى کونسوڵخانەى تورکیا کراوە و وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشەکەدا کارمەندێكی کونسوڵخانەکەیان کوژراوە.

ئاماژەى بەوەش کرد، لە ئێستادا هێزێکى ئەمنیى زۆر لە شوێنى رووداوەکە بڵاوەیانپێکراوە و تەقەکەرەکانیش هەڵهاتوون و لە رووداوەکەدا سێ دیبلۆماتکاری تورکیا کوژراون.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو، هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرەکان و، سەرجەم بازگەکانى هەولێریش داخراون و رێگا بە هیچ کەسێک نادرێت لە هەولێر بڕواتە دەرەوە.

دوای رووداوەکەش ئاسایشى هەولێر رایگەیاند، بەهۆى رووداوى تەقەکردنەکەى شارى هەولێر کارمەندێکى کونسوڵخانەى تورکیا و هاوڵاتییەک گیانیانلەدەستداوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، "هاوڵاتییانی هەولێر و بەتایبەتیش دیپلۆماتکاران دڵنیادەکەینەوە کە رێگە نادەین دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت. لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن."

ع.م