سەردێڕ:

تورکیا: وەڵامی پێویستمان بۆ هێرشەکەی هەولێر دەبێت

فۆتۆ: 
2019-07-17

13969 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا رایگەیاند، وەڵامى پێویستیان دەبێت بۆ ئەو کەسانەى هێرشەکەیان کردووە.

ئیبڕاهیم کاڵن لە تویتێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر ئاماژەى بەوەکردووە، لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە و دۆزینەوەى تەقەکەرەکان دەستیپێکردووە و وەڵامی پێویستى ئەو کەسانە دەدرێتەوە کە تەقەیانکردووە.

هاوکات دواى هێرشەکە وەزارەتى دەرەوەى تورکیا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە، لە رووداوەکەدا کارمەندێکی کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان کوژراوە و  لەگەڵ کاربەدەستانى هەرێم و بەغدا لەسەر خەتن بۆ دۆزینەوەى ئەنجامدەرانى هێرشەکە.

لەلایەکى دیکەوە ئاسایشى هەولێریش لەراگەیەنراوێکدا روونیکردووەتەوە، "ئێمە لە کاتێکدا ئەم رووداوە بە تووندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و هاوخەمی خۆشمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕین ."

راشیگەیاندووە، "هاوڵاتیانی هەولێر و بە تایبەتیش دیپلوماتکاران دڵنیا دەکەینەوە کە رێگە نادەین دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت . لێکۆلینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن.

 ئەوەش لەکاتێکدایە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ تەقە لە ریستۆرانتێکى هەولێر کرا کە کارمەندانى کونسوڵخانەى تورکیاى تێدابووە، ئاسایشی هەولێریش رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە کارمەندێکى کونسوڵخانەکە و هاوڵاتییەک کوژرا و یەکێکى دیکەش برینداربووە.

ئ.ر