سەردێڕ:

هەولێر.. کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا کوژرا

هاوڵاتییەکی دیکەش کوژراوە
فۆتۆ: 
2019-07-17

54303 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، لە ریستۆرانتێکى هەولێر تەقە لە ژمارەیەک کارمەندى کونسوڵخانەى تورکیا کراوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش بڵاویکردووەتەوە لە هێرشەکەدا کارمەندێكی کونسوڵخانەکەیان کوژراوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، لەئێستادا هێزێکى ئەمنى زۆر لە شوێنى رووداوەکە بڵاوەیان پێکراوە و تەقەکەرەکانیش هەڵهاتوون و لە رووداوەکەدا سێ دبلۆماتکاری تورکیا کوژران.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرەکان، و سەرجەم بازگەکانى هەولێریش داخراون و رێگا بە هیچ کەسێک نادرێت لەهەولێر بڕواتە دەرەوە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم و عێراق لەسەرخەتین بۆ دۆزینەوەى هێرشبەرەکان و دەستگیرکردنیان".

لەلایەکی دیکەوە ئاسایشى هەولێر لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "لە رێستورانتێکی شاری هەوڵێر رووداوێکی تەقە کردن روویدا کە بەداخەوە بووە هۆی گیان لە دەستدانی کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و هاووڵاتیەک و برینداربوونی یەکێکی دیکەش"

لەراگەیەنراوێکدا ئاسایشى هەولێر ئاماژەى بەوەکردووە، "ئێمە لە کاتێکدا ئەم رووداوە بە تووندترین شێوە شەرمەزار دەکەین و هاوخەمی خۆشمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕین ."

روونیشیکردووەتەوە، "هاوڵاتیانی هەولێر و بە تایبەتیش دیپلوماتکاران دڵنیا دەکەینەوە کە رێگە نادەین دۆخی ئارام وئاسایشی هەرێمی کوردستان تێک بدرێت . لێکۆلینەوەش لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن ".

ئەوەش لەکاتێکدایە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ لە ریستۆرانتێکى هەولێر تەقە لە ژمارەیەک کارمەندى کونسوڵخانەى تورکیا کرا کوژراو و بریندارى لێکەوتەوە.