سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. مەلا کرێکار دەستگیرکرا

فۆتۆ: 
2019-07-15

139728 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەکى نزیک لە مەلا کرێکار بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیى راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر مەلا کرێکار لەلایەن پۆلیسى نەرویجەوە دەستگیرکراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەش کرد، ئەگەرى رادەستکردنى مەلا کرێکار بە ئیتاڵیا هەیە، دواى ئەوەى ئەمڕۆ دادگایەکى ئیتاڵیا سزاى ١٢ ساڵ زیندانیى بەسەردا سەپاند.

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نەرویج لە ماڵپەڕی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە (١٥ی تەموزی ٢٠١٩) دادگای ئیتالیا بە تۆمەتی تیرۆر، ١٢ ساڵ زیندانیکردنی  بەسەر مەلا کرێکاردا سەپاندووە.

ماوەی پێنج ساڵە دادگای ئیتاڵیا دەیەوێت لەسەر چەند تۆمەتێکی جیاواز مەلا کرێکار، ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام، دادگایی بکات.

مەلا کرێکار ئاماژەى بەوە کردووە، یەکێک لە تۆمەتەکان ئەوەیە کە دەیەوێت عەلمانییەت لە کوردستان بگۆڕێت و خیلافەتى ئیسلامى دروستبکات.

مەلا کرێکار چەندین ساڵە لە وڵاتى نەرویج وەک پەنابەر دەژى و تا ئێستاش چەندین جار لەسەر دۆسیەى جۆراوجۆر زیندانی کراوە و دادگاش بڕیاری ئازادکردنى بۆ دەرکردووە.

نەجمەدین فه‌ره‌ج ئه‌حمه‌د ناسراو بە مەلا کرێکار، تا ئێستا ٦٢ جار دادگایی کراوە و ٤١ تۆمەتی جیاوازی ئاراستەکراوە و بەهۆیەوە چەندجارێک زیندانی کراوە، تا ئێستاش ناوی لە لیستی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و لەلایەن بەرپرسانی یەکێتییەوە، تۆمەتبارکراوە بەوەی دەستی هەبووە لە کوشتنی ٤٠ پێشمەرگەی ئەو حیزبە لە گوندی خێڵی حەمە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٠١دا.

هـ.ع