سەردێڕ:

پارێزگاری هه‌ولێر و شارەوانیی پاریس رێكکه‌وتننامه‌یه‌كیان واژۆ کرد

فۆتۆ: 
2019-07-15

2385 جار خوێندراوەتەوە

هەریەک لە نەوزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر و ئان هیدالگۆ سەرۆکی شارەوانیی پاریس ئەمڕۆ لە پاریس کۆبوونەوە و رێكکه‌وتننامه‌یه‌كیان بە مەبەستی هاوکاریکردن لە بوارەکانی برەودان بە کەرتی هاتوچۆ و نەخشەسازیی شار و بازرگانی و کشتوکاڵ و چەند بوارێکی دیکە واژۆکردووە.

هەردوولاش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ژیانێكى باشتر و گونجاوتر بۆ هاوڵاتییانى هه‌ردوولا ڕێکەوتوون لەسەر  هاوکاریکردنی یەکتر لە چه‌ند بوار و پسپۆڕییه‌كی وەکو، رێگاكانى هاتوچۆ و گه‌یاندن و ماسته‌رپلان و نه‌خشه‌سازیى شار و پاراستنى شوێنه‌واری مێژوویی و به‌ره‌وپێشبردنى لایه‌نى ئابوری و گه‌شتوگوزار و ئاڵوگۆڕى كلتووری و وه‌رزشى و چۆنێتى به‌ڕێوه‌بردن و چاره‌سه‌رى خۆڵ و خاشاك  و پاراستنى سروشت و بره‌ودان به‌ بواری كشتوكاڵی و، فراوانکردنی هاوکاری لە چەندین بواری دیکەشدا لەکاتی پێویستدا.

باس لەوەش کراوە، هەردوولا هه‌وڵ بۆ به‌ره‌وپێشبردنى كاری هاوبه‌ش دەدەن له‌ رێگه‌ى ئاڵوگۆڕی ئه‌زموون و فێركاری و كارگێڕی و ته‌كنیكییەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە دابینکردنی پسۆڕی و خەڵکانی خاوەن ئەزموون لە هەریەک لەو بوارانەدا، هاوکاریی یەکتری دەکەن و نوێنەرایەتییەکانی هەردوولاش لە هەولێر و پاریس چاودێریی خاڵەکانی رێککەوتنەکە دەکەن.

شارەوانیی پاریس رێککەوتنی هاوکاری و برەودان بە گەشەپێدانی لەگەڵ ٥٥ شاری لە سەرانسەری جیهاندا واژۆکردووە، ماوەی رابردووش بە زۆرینەی دەنگی ئەو شارانەی ناسراون بە دەستەخوشکی پاریس، لە کۆبوونەوەیەکدا هەولێریان وەکو ئەندامێکی نوێ پەسەندکرد.

هـ.ع