سەردێڕ:

لە شەش مانگی ڕابردوودا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر ئێن ئاڕ تی کراوە

فۆتۆ: 
2019-07-15

691 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە ئەمساڵ بۆ رۆژنامەنووسان تا رادەیەک ساڵێکى ئارام بووە، بەڵام بۆ رۆژنامەنووسانى ئێن ئاڕ تى پڕ بووە لە رێگری و پێشێلکاری.

راپۆرتى شەش مانگى ئەمساڵى سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماژە بە کەمبوونەوەى حاڵەتەکانى پێشێلکارى دەکات بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بەراورد بە ساڵانى رابردوو.

ئەمساڵ ٢٧ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر ٦٣ ڕۆژنامەنووس کراوە، کە ١٤ حاڵەتیان بەرامبەر پەیامنێر و رۆژنامەنووسەکانى ئێن ئاڕ تى بووە.

زۆرترین حاڵەتی پێشێلکارییش دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان بووە لەگەڵ داخستنی نوسینگەی کەناڵی ئین ئاڕ تی لە دهۆک.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان داوای هەمواری ژمارە ٣٥ی ڕۆژنامەنووسی دەکات لە هەرێم، بە جۆرێک کاری ڕۆژنامەنووسی لەلایەن پەرلەمان و حکومەتەوە وەک پیشە بناسێنرێت.

جێگری نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانیش دەڵێت، ئەمساڵ نوسینگەى دەزگاى راگەیاندن داخراوە، کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە و نابێت کەناڵ دابخرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی سەندیکا، جۆرى پێشێلکارییەکان بەرامبەر رۆژنامەنووسان خۆى دەبینێتەوە، لە ٢٥ حاڵەتى دەستگیرکردن و ٢٠ حاڵەتى ڕێگری بۆ ڕووماڵکردنی چالاکییەکان، ١٢ ڕۆژنامەنووسیش هێرشکراوەتە سەریان و سوکایەتییان پێ کراوە و لە دوو ڕۆژنامەنووسیش دراوە و چوار ڕۆژنامەنووس فۆڕمیان پێ پڕکراوەتەوە، کە واز لە کارەکانیان بێنن.