سەردێڕ:

٢٤ کەس لە هەرێم بە پلەى وەزیر خانەنشین بوون

رۆژی سوێندخواردنی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم (١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٤)
فۆتۆ: 
2019-07-15

6558 جار خوێندراوەتەوە

بە ماڵئاواییکردن و کۆتاییهاتنى کارەکانى کابینەى هەشتەم، ژمارەیەک کەسى دیکە بە پلەى وەزیر و پلەى تایبەت خانەنشین دەبن و دەچنە پاڵ ئەو سوپا خانەنشینەى مانگانە، بەشێکی زۆر لە بودجەى گشتییان بۆ دەچێت و، بارگرانییەکى زۆریان خستووەتە سەر شانى داهاتی هەرێم.

بەپێى ئەو ناوانەى کە ماڵپەڕى فەرمیى حکومەتى هەرێم بڵاویکردوونەتەوە، لە کابینەى هەشتەمدا ٢٤ کەس بە پلەى وەزیر خانەنشین دەبن.

موچەى مانگانەى هەر وەزیرێک بەر لە خانەنشینبوونى، نزیکەى ٨ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینارە، بەم پێیەش مانگانە نزیکەى ٢٠٠ ملیۆن دینار بۆ موچەکانیان خەرجدەکرێت، واتە کۆى ئەو موچەیەى کە لە ماوەى ئەم چوار ساڵەدا بۆ ئەم ٢٤ کەسە خەرجکراوە، دەکاتە ٩ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار.

لە ئێستاشدا هەریەکەیان بە شەش ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار خانەنشین دەبن، بەمەش مووچەى تەنیا یەک مانگیان، نزیکەى ١٥٠ ملیۆن دینارە و موچەى یەک ساڵیان دەکاتە نزیکەى یەک ملیار و هەشت سەد ملیۆن دینار، ئەمەى کە باس کراوە، تەنیا حساباتى موچەى وەزیرەکانە، جگە لەوەى دەیان کەسی دیکە لە بریکاری وەزیر و پلە تایبەتەکان خانەنشین دەبن.

بەپێى یاسای خانەنشینی، کە ئێستا لە هەرێم بەرکارە، هەرکەسێک کە خانەنشین دەکرێت، وەک ڕێزلێنانێک مووچەى شەش مانگى بەسەریەکەوە بۆ خەرج دەکریت، وەزیر جگە لەو شەش موچەیە کە دەکاتە زیاتر لە ٤٩ ملیۆن دینار بۆ هەریەکەیان، ئۆتۆمبیلێک و دوو پاسەوانى تایبەتیشى بۆ تەرخاندەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش هەر ١١١ پەرلەمانتارەکەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستانیش، مامەڵەی خانەنشینبوونیان بۆ کراوە و یەکی ٤٩ ملیۆن دیناری مووچەی شەش مانگیان وەرگرتووە، کە سەرجەم پارەکە دەکاتە پێنج ملیار و ٤٣٩ ملیۆن دینار، لەکاتێکدا بەشێک لەو پەرلەمانتارانە هەڵبژێردراونەتەوە و ئێستا لە پەرلەماندان و هەندێکیشیان بوونەتە وەزیر.

لە دواى ساڵى ١٩٩٢ەوە هەموو کابینە یەک بەدوای یەکەکان، لە کەمترین ئاستدا ژمارەى وەزیرەکانى لە ٢٠ وەزیر کەمترنەبووە و کابینە هەیە نزیکەى ٤٠ وەزیرى خانەنشین بووە.

ئەگەر هەر کابینەیەک بە شێوەیەکى گشتی تەنیا ٢٠ وەزیرى خانەنشین بووبن، ئەوا لە هەشت کابینەکەدا ١٦٠ وەزیرى خانەشین بوون، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى بەپێى هەندێک داتا، نزیکەی ١٥٠٠ کەسى دیکە لە بریکار و بەڕێوەبەرى گشتی و پلەى تایبەت خانەنشین کراون، کە تیایاندایە تەنیا ڕۆژێکیش پلە و پۆستى حکومیى بەڕێوەنەبردووە، بەڵام بە مووچەیەکى زۆر خانەنشینکراوە.

لە خولى پێشوودا پەرلەمانى کوردستان، رەشنووسى پرۆژە یاسایەکى ئامادەکرد، تایبەت بە چاکسازیکردن لە موچەى خانەنشیناندا هاوشێوەى ئەو یاسایەى کە ئێستا لە عێراقدا کاریپێدەکرێت، بەڵام پەرلەمان خوێندنەوە و دەنگدانى یاساکەى خستە خولى ئێستای پەرلەمان و بەشێکى زۆر لە لیستە بەشداربووەکانى پەرلەمان بەڵێنى ئەوەیان داوە، کە لەم خولەدا کار بۆ پەسەندکردنى بکەن.

بەپێى یاساکەش مووچەى خانەشینى بەپێى تەمەن و ئەزموون و بڕوانامە و ساڵانى خزمەت گۆڕانى بەسەردا دێت و دەوترێ بە پەسەندکردنى ئەم یاسایە، حکومەت لە بەهەدەردانى بڕێکى زۆر داهات بە ناوى خانەنشینییەوە ڕزگارى دەبێت و، ئەو بارگرانییەى کە ئێستا لەسەر شانى دروستبووە کەمدەبێتەوە.