سەردێڕ:

کابینەى نوێ ناکۆکیى باڵەکانی نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانی زیاتر دەرخست

فۆتۆ: 
2019-07-15

9086 جار خوێندراوەتەوە

دەستبەکاربوونى کابینەى نوێ و ئاشکرابوونى کارنامەکەى، ناکۆکیى ناوخۆیی پارتى لە نێوان هەردوو باڵى نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانیدا دەرخست، کە دوو گەورەترین پۆستى باڵایان لە هەرێم لەژێردەستدایە.

وتەکانى مەسرور بارزانى لە دواى سوێندخواردنى وەک سەرۆکى کابینەى نوێ لە پەرلەمان، هەر زوو پەردەى لەسەر ناکۆکییەکان هەڵماڵى، کاتێک ئاماژەى بەوەدا کە کابینەیەکى قەرزداریان وەرگرتووە و دژایەتیى گەندەڵى دەکەن لەناو دامودەزگاکانى حکومەتدا.

سەرەڕاى ئەو قسانە، لە بڕیارەکانى سەرەتاى دەستبەکاربوونى کابینەى نوێدا، بە ئاشکرا باس لەوە کراوە کە دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا هەستیپێدەکرێت و بنەبڕى دەکەن، لە ئاماژەیەکدا بۆ کابینەى پێشوو کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە سەرۆکایەتى کرا.

ئەگەرچى تا ئێستا نێچیرڤان بارزانى بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هیچ هەڵوێستێکى لەوبارەیەوە دەرنەبڕیوە، بەڵام کەسە نزیکەکانى بە ئاشکرا رەخنە لە کابینەکەى مەسرور بارزانى دەگرن.

لەو چوارچێوەیەدا رێبوار کەریم وەلى کە بە رۆژنامەنووسێکى نزیک لە نێچیرڤان بارزانى دادەنرێت، لە وتارێکدا نوسیوویەتى، كابینەی نۆیەمی حكومەت وەكو میلادێك وێنادەكرێت كە هیچ رەبتێكی بە رابردووی حوكمڕانیی پارتییەوە نییە، وەك ئەوە وایە كە تازە پارتی حوكمی گرتبێتەدەست و قەت لە كۆی ٨ كابینە، سەرۆكایەتی ٥ كابینەی نەكردبێت و، ١٢ ساڵیش بارزانی لە لووتكەی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا نەبووبێت و قەت لیژنەی جیاجیا بۆ قەڵاچۆكردنی گەندەڵی و چاكسازی و پاكسازی پێكنەهێنرابێت.

ئاماژەى بەوەش کردووە، لە پشكی پارتی لە حكومەتدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، گوازراوەتەوە بۆ ناو حكومەت و لەپێناو راگرتنی باڵانسی ناوچەییش، كارەكتەرەكانی كابینەكانی پێشوو بەلاوە نراون. لەكاتێكدا حكومەتی نوێ دوو كەسی بە پلەی وەزیر تێدایە كە هیچیان قۆناغی ناوەندیشیان تەواو نەكردووە، بەڵام بە ئەمری واقیع و تەحەددای پێكهێنانی حكومەت، بە ناچاری قەبوڵ كران.

رێبوار کەریم وەلى باسى لەوە کردووە، پارتی غەدر لە خۆی دەكات ئەگەر بیەوێ ئەو كابینەیە وەكو میلادێك وێنا بكات، چونكە ئەوەی ئەمڕۆ دەستیكەوتووە بەرهەمی رابردووە، بەرهەمی هەستانەوەی دوای ریفراندۆمە و بەرهەمی كرانەوەی دەرگاكانی دنیایە بەسەر كوردستاندا، كەچی ئەوەی لە دەرەوەڕا دەبینرێ، ئەوەیە كە پارتی لە ناوخۆیدا كودەتایەكی سپیی كردووە نەك جێگۆڕكێی كارەكتەرەكان.

تا ئێستا دیار نییە دەرکەوتنى ناکۆکى و راى جیاجیا لە نێوان هەردوو باڵى مەسرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى لەسەر کابینەى نوێ، لەکاتێکدا کابینەکە لە سەرەتاى کارکردنیدایە، چ کاریگەرییەک لەسەر کارەکانى  جێدەهێڵێت، بەڵام ئەوەى لە وتەکانى مەسرور بارزانیدا دەخوێنرێتەوە ئەوەیە دەیەوێت چاکسازى لەناو ئەو میراتەدا بکات کە نێچیرڤان بارزانى بۆى بەجێهێشتووە.