سەردێڕ:

مۆگیرینی: تا ئێستاش یەکێتی ئەوروپا پابەندە بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانەوە

فۆتۆ: 
2019-07-15

4115 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، رێککەوتنی ئەتۆمی ئیران لە دۆخێکی باشدا نیە، بەڵام تا ئێستاش رێککەوتنەکە زیندووە و یەکێتی ئەوروپاش پابەندە بە سەرجەم بڕگەکانی رێککەوتنەکەوە.

فێدریکا مۆگیرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە دوای کۆتایهاتنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیەکە باسی لەوەشکرد، بەشێک لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتی ئەورپا لە ناویاندا ئێران، دەیانەوێت بەشداربن لە مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئەوروپادا ناسراو بە "ئینستەیکس"، ئەوەش دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت.

وتیشی، "داوامان لە ئێران کردووە بەردەوامی بدات بە پابەندبوونی تەواوی خۆی بە رێککەوتنی  ئەتۆمییەوە، ئێران دەتوانێت هەموو ئەو هەنگاوانەی کە لە رێککەوتنەکەدا پێشێلیکردوون، لێیان پاشگەزبێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیوادارن دەسەڵاتدارانی ئێران تێبگەن ئێمە وەکو یەکێتی ئەوروپا پابەندبوونی تەواوی خۆمان بە بڕگەکانی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە راگەیاندووە، لەبەر ئەوەی ئەوە لە بەرژەوەندی جیهاندایە، هیوادارین ئێرانیش لەوە بگات بەرژوەندی لەوەدایە پابەندبێت بە خاڵەکانی رێککەوتنەکەوە".

ئەمڕۆش هەریەک لە به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا رایانگه‌یاند، به‌رده‌وام دەبن له‌ پابه‌ندبوون به‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ئێران، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌نده‌ به‌ پابه‌ندبوونی ته‌واوه‌تیی ئێران به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له‌و بڕیاره‌ پێچه‌وانانه‌ی به‌م دواییه‌ ده‌ریكردووه‌.

هـ.ع