سەردێڕ:

ئەمریکا ئەم ڕێوشوێنانەی بەرامبەر سەردانەکەی جەواد زەریف گرتووەتەبەر

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە نیویۆرک
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-07-15

10986 جار خوێندراوەتەوە

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئەو ڤیزای داوە بە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام کۆتوبەندیان خستووەتە سەر جموجوڵەکانی لە نیویۆرک.

پۆمپیۆ بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕاگەیاندووە، "کۆتوبەندمان خستووەتە سەر جموجوڵەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتی مانەوەی لە نیویۆرک، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی پێ نادرێت بە هاتوچۆکردن لە نێوان بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەی ئێران، کە تەنها شەش باڵەخانە دوورە لە  شوێنی مانەوەی جەواد زەریف."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ڕێگە بە هیچ دیپلۆماتێکی ئەمریکی نادرێت لە دەوروبەری تاراندا هاتوچۆ بکەن، بۆیە وای نابینین پێویست بێت ڕێگە بە دیپلۆماتکارە ئێرانییەکان بدرێت لە دەوروبەری نیویۆرک ئازادانە هاتوچۆ بکەن."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوونیکردەوە، بەگوێرەی ڕێککەوتنی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆر گونجاوە کە هەموو مافێک بۆ جەواد زەریف و شاندەکەی هاوڕێی فەراهەم بکەن، بەڵام زیاتر نا.

پۆمپیۆ وتووشیەتی، "زەریف دەیەوێت سەردانەکەی بەکاربهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی درۆ، ئازادییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنێت بۆ هاتن و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی قێزەون، ئەم سەرکردەیە پشتیوانی لە سیستمێک کردووە، جیاخوازە سیاسییەکان زیندانی دەکات و بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکەن، ڕاوەدوونانی ئەو کەسانە دەکەن کە دەیانەوێت ئازادانە نوێژەکانیان بکە، مافی ئازادی ڕادەربڕین سەرکوت دەکەن."

لە لایەکی ترەوە نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوەی یەکگرتووەکان پشتڕاستی گەیشتنی جەواد زەریفی کردەوە بۆ نیویۆرک، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی وەزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئامانجی کۆنگرەی گەشەپێدانی بەردەوام، کە بە ئامانجی چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکی وەک ململانێ سیاسییەکان و برسێتی و یەکسانی نێوان هەردوو رەگەز و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا لە ٢٠٣٠دا.

چاودێرانی ڕەوشی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پێیانوایە، سەپاندنی کۆتوبەند بەسەر جموجوڵەکانی زەریفدا، ئەگەری ئەوەی هەیە ڕێگری بکات لە هەر هەوڵێکی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بە ڕێگەچارەی دیپلۆماتی.

پێشتر ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردبوەوە، واشنتۆن بڕیاری تۆمارکردنی ناوی زەریفی لە لیستی ڕەشی وڵاتەکەیدا لەم کاتەدا دواخستووە.

لە دوای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن زیاتر بووە، بە تایبەت دوای سەپاندنی سزاکان بەسەر هەناردەی نەوتی ئێران و ئاڵۆزییەکانی تری ناوچەی کەنداو.

ع.م