سەردێڕ:

ئاماژە شاراوەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ

فۆتۆ: 
2019-07-15

10878 جار خوێندراوەتەوە

هەندێک کات نەخۆشانی دڵ بەهۆی درەنگ هەستکردنیان بە جۆری نەخۆشییەکانیان گیان لەدەستدەدەن، بەتایبەت ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەرو ٥٠ ساڵەوەیە، بەگوێرەی راپۆرتە زانستییەکان بە هەزاران کەس گرفتی دڵییان هەیە بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەن یان پشکنینی پزیشکی بکەن.

ماڵپەڕی نیوز میدیکاڵ لایڤ ساینس لە بابەتێکی تەندروستیدا بە پشت بەستن بە زانیاری پزیشکانی دڵ نوسیوویەتی، لە نیشانە دیارەکانی نەخۆشییەکانی دڵ بونی ئازارە لە سنگدا و کەم توانای لە بەرزکردنەوەی قۆڵ و چەند نیشانەیەکەی تر، بەڵام کۆمەڵێک نیشانەی شاراوە هەیە کە ڕەنگە بە ئاسانی هەستی پێ نەکرێت کە ئاماژەیە بۆ بوونی گرفتی تەندروستیی لە دڵدا، ئەوانیش:

ئاوسانی قاچەکان

هەستکردن بە تەنگبوونی پێڵاو لەگەڵ ئاوسانی قاچ ئەگەری بوونی گرفتی تەندروستی هەیە لە دڵدا، هۆکارەکەشی رەنگە بۆ تێکچوونی سوڕی خوێن بگەڕێتەوە کە کەمتر پاڵ بە خوێنەوە بنێت بۆ دڵ، لەکاتی بوونی ئەم نیشانەش باشترە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.

گرفتی سەرجێیکردن

لە پیاواندا لەکاتی سەرجێیکردن گرفتیان بۆ دروست دەبێت هۆکارەکەشی باش نەگەیشتنی خوێنە بە ناوچەی ئەندامی نێرینەیان، کە وادەکات نەتوانن سەرجێیی بکەن.

بوونی ئازار لە چەند ناوچەیەکی لەش

ڕەنگە هەندێک کات بوونی گرفت لە دڵدا یان ئازار لە بەشەکانی تری لەشدا دروست بکات، وەکو بوونی ئازار لە شان و قۆڵەکان و شەویلگە و ماسولکەکانی ملدا.

قورسی لە ئەنجامدانی هەندێک کاری جەستەییدا

هەستکردن بە کەمبوونەوەی چالاکییە جەستەییەکان نیشانەیەکی دیاری لاوازبوونی سوڕی خوێنە، وەکو تەنگەنەفەسی لەکاتی سەرکەوتن بەسەر قادرمەدا یان هەستکردن بە پشوو وەرگرتن لەکاتی ئەنجامدانی چەند جوڵەیەکی وەرزشی، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ کەمبوونەوەی توانای دڵ و ماسولکەکانی دڵ بە باشی ئۆکسجینی پێویستیان وەرنەگرتووە.

لاوازی بیرەوەری

بوونی بیرەوەری ئاڵۆز و گرفت لە وەرگرتنی زانیارییدا یەکێکە لە نیشانەکانی نەگەیشتنی ئۆکسجینی پێویست بۆ مێشک لەگەڵ گرفت لە ماسولکەکانی دڵدا، هەستکردن بەم گرفتە و چارەسەر نەکردنی  لە داهاتوودا زیانێکی زۆر بە خانەکانی مێشک و بیرەوەری دەگەیەنێت لەگەڵ زیان گەیاندن بە تەندروستیی دڵ.

ئ.ل