سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیران لە یەکەمین کۆبوونەوەیدا چەند بڕیارێکی دەرکرد

فۆتۆ: 
2019-07-15

21051 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی کرد و چەند بڕیارێکی دەرکرد.

ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران بڵاویکردەوە، لەکۆبونەوەکەدا دوای روونکردنەوەی كارەكانى دەستبەکار بوونی وەزیرەکانی کابینەی نوێ، ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لەژێر رۆشنایی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، بەرنامەی کارەکانی وەزارەت لەماوەی ٣٠ رۆژدا دابرێژن و بیدەنە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت وبخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

هەر لەوکۆبونەوەیەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاندووە، سبەینی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ دەربڕینی نیاز پاکی سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا له چوارچێوەى دەستوور.

 دەقی بڕیارەکانى یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران:

یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نیە لە کاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی کارووباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.

چوارەم: هەموو وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە پێی یاسا ورێنماییەکانی دەستەی دەستپاکیی کوردستان، سەرجەم  ماڵ و موڵکی خۆیان ئاشکرا بکەن.

پێنجەم: دەبێت رووتین لەداموودەزگانی حکومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵاو و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی داموودەزگاکانی حکومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆکاری هەردواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک روون و ئاشکرا بێت و پێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاکانی حکومەتدا.

شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕ کردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە تووندی سزا دەدرێن.