سەردێڕ:

سەفین دزەیی: مەسرور بارزانى سەردانى بەغدا دەکات

فۆتۆ: 
2019-07-15

2835 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، هەولێر، ئومێد چۆمانى

سەفین دزەیی ڕایگەیاند، دوای سەردانى سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا بریارە لە ماوەیەكی نزیكدا مەسرور بارزانى سەرۆکى حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكات.

سەفین دزەیی بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم لە لێدوانێكیدا بۆ ئێن ئار تی ڕایگەیاند، بڕیارە بەم زووانە مەسرور بارزانى سەردانی بەغدا بكات بۆ بەردەوامبوون بە كۆبوونەوەى نێوان بەغدا و هەولێر بۆ كۆتایهێنان بە كێشەکانى نێوانیان.

دەشڵێت، " لە كابینەی نوێى حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی ئەو كەشوهەوایە هەیە بۆ دانوستاندن، بەڵام ئایا ئەو كۆبونەوانە دەمانگەیەنێت بە چارەسەری كۆتایی" .

باسى لەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە دانوستانەكان بە چەند قۆناغێك تێپەریوە، بەڵام لە كاتی ئێستادا كار بە زۆرینەوە و كەمینەی پەرلەمان دەكرێت بەو پێیەی هەرێمی كوردستان تەنها ٥٧ پەرلەمانتاری هەیە لە بەغدا براوە نین، وتیشى،" بۆیە پێویستە ئێمە تەفاهومى باشتر و لێك نزیكبوونەوەی زیاتر و دانوستانی زیاتریش بكەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

رۆژى (١٠ى تەموزى ٢٠١٩) لە کۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستاندا متمانە بە کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێم درا و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و سەرجەم وەزیرەکان سوێندی یاساییان خوارد.

دواى وەرگرتنى متمانە مەسرور بارزانى ڕایگەیاند، هەوڵدەدەن پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بەغدا باش بکەن و کێشەکانى نێوانیان چارەسەر بکەن بەجۆرێک لە بەرژەوەندى هەردولا بێت.

ب.ب