سەردێڕ:

جەبار یاوەر: گەندەڵی لە سەرجەم بوارەکاندا هەیە بە وەزارەتی پێشمەرگەشەوە

لە بەرنامەى ١٨٠ی ئێن ئاڕ تیدا
فۆتۆ: 
2019-07-15

3193 جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لەسەر ئاستی هەرێم گەندەڵی لەسەرجەم بوارەکاندا بە وەزارەتی پێشمەرگەشەوە بوونی هەیە، بەڵام هیچ کەسێک هەوڵی دۆزینەوە و چارەسەرکردنی نەداوە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەرنامەى ١٨٠ کە ئەمشەو کاتژمێر نۆ و پێنج خولەک لە کەناڵى ئێن ئار تى پەخشدەکرێت ڕایگەیاند، ڕەنگە هەنگاوی زۆر گەورەیان نەنابێت بۆ لە ناوبردنی گەندەڵی بە یەکجاریی و تائێستاش لێکۆڵینەوە نەکراوە و هیچ کەسیش سەردانى نەکردون بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوە دەربارەی گەندەڵییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بکات.

جەبار یاوەر، دەڵێت " لە وەزارەتی پێشمەرگە، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگەمان هەیە، هەروەها دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێممان هەیە، دەستەی دەستپاکیش هەیە خۆ ئەمانە دەتوانن دۆسیەی گەندەڵی دەربخەن، بەڵام بۆچی نایکەن"؟

ئەوە لە کاتێکدایە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانى هەرێم خۆیان چەندین جار دانیانناوە بەوەى لە ماوەى حوکمڕانییاندا لە هەرێمى کوردستان لە ٢٨ ساڵى ڕابردوودا شەفاف نەبوون و گەندەڵى تەواوى جومگەکانى وڵاتى گرتوەتەوە و هەرچەندە چەندین لیژنەیان لەبارەوە بۆ دروستکراوە، بەڵام نەتوانراوە بنەبڕبکرێت.

ب.ب