سەردێڕ:

​ نێچیرڤان بارزانى: حکومەت ناتوانێت هەموو دەرچووانى زانکۆ دابمەزرێنێت

فۆتۆ: 
2019-07-15

8805 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆى باشبوونى دۆخى داراییەوە هەلی کارى زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت، دەشڵێت، کەرتى گشتى ناتوانێت هەموو دەرچووانى زانکۆ دابمەزرێنێت.

نێچیرڤان بارزانى لە وتەیەکیدا لە پێشانگای هەلی کار لە هەولێر ئاماژەى بەوەکرد، ئەگەر شەڕى داعش و قەیرانەکان نەبووایە، ئەوا بێگومان دۆخی ئابوری کوردستان باشتردەبوو.

وتیشی، قۆناغ و ڕۆژگارى زۆر سەخت و ئاڵۆزیان بە ڕێکردووە و ئێستا بە ئومێدەوە لە ئایندە دەڕوانن کە دەرفەتى ژیانێکى باشتر و دەرفەتى کارى زیاتر بۆ گەنجان دابیندەکات.

نێچیرڤان بارزانى باسی لەوەشکرد، ئەزمونى وڵاتانى پێشکەوتوو دەریخستووە تەنیا ئەرکی حکومەت نییە دەرفەتى کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت و بە پێویستى زانى کەرتى گشتى و تایبەت و کۆمەڵگەى مەدەنى پێکەوە هەماهەنگ بن تاوەکو بەهەموویانەوە هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنن.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی ئامارەکان رێژەى بێکاریى لەهەرێمى کوردستان نزیکەى ١١% یە و ماوەى چەند ساڵێکیشە دەیان هەزار دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێم لە دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتدا دانەمەزراون.