سەردێڕ:

کەرکوک.. لە ١٦ى ئۆکتۆبەرەوە کێشەى کارەبا بە چارەسەرنەکراوى ماوەتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-14

1473 جار خوێندراوەتەوە

لە دواى رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧وە، کێشەى کارەبا لە نێوان هەرێمى کوردستان و ئیدارەى کەرکوک بە چارەسەرنەکراوى ماوەتەوە.

راکان جبورى پارێزگارى کەرکوک بە وەکالەت لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا و لەکاتى راگەیاندنى پلانى پڕۆژەکانى پارێزگاکە، وەزارەتى کارەباى هەرێمى تۆمەتبارکرد بە رێگریکردن لە گەیاندنى ١٥٠ مێگاوات کارەبا بۆ پارێزگاکە.

ئاماژەى بەوەش کرد، نوسراویان ئاڕاستەى وەزارەتى کارەباى هەرێم کردووە تا رێگرى نەکات، حکومەتى عێراقیش ئامادەیی نیشانداوە، پارەى ئەو کارەبایە دابین بکات.

بەپێی رێککەوتنێکى پێشترى نێوان ئیدارەى کەرکوک و حکومەتى هەرێم، بڕى ٢٥٠ مێگاوات کارەبا لە هەرێمەوە بۆ کەرکوک دابین دەکرا، کە تێچووى بەرهەمهێنانى لەسەر هەرێمى کوردستان بوو، بەڵام لە دواى رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرەوە هەرێم کارەباکەى بڕى و دواتر بڕى ١٠٠ مێگاوات کارەباى دایەوە بە پارێزگاکە.

هەرچەندە پێشتر وەزارەتى کارەباى هەرێم و ئیدارەى کەرکوک چەندجارێک گفتوگۆیان کردووە بۆ چارەسەرى کێشەکە، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان لێ نەکەوتەوە.

ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەرى کۆنترۆڵى کارەباى هەرێم بە ئێن ئاڕ تیى راگەیاند، لە حوزەیرانى ٢٠١١وە تا ساڵى ٢٠١٧ هەرێم بە بڕى چوار ملیار دۆلار سوتەمەنیى دابینکردووە بۆ بەرهەمهێنانى ٢٥٠ مێگاوات کارەبا بۆ کەرکوک، لە ئێستاشدا بڕى ١٠٠ مێگاوات کارەبا دەدەنە پارێزگاکە و تێچووەکەشى هەر لە ئەستۆى هەرێمە.

کەمیى کارەباى نیشتمانى کێشەیەکى بەردەوامى پارێزگاى کەرکوکە، بەپێی ئامارەکان لە ئێستادا پارێزگاکە بڕی ٦٥۰ مێگاوات کارەبای هەیە، لەکاتێکدا پێویستی بە زیاتر لە ۱۰۰۰ مێگاواتە بۆئەوەی ۲٤ کاتژمێر کارەباى نیشتمانى بدرێت بە هاوڵاتییان.

ب.ب