سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی وردەکاریى وەڵامى عەبدولمەهدى بۆ داوایەکى نێچیرڤان بارزانى ئاشکرادەکات

سەبارەت بە دۆسیەی نەوت
فۆتۆ: 
2019-07-14

23505 جار خوێندراوەتەوە

بەغدا دەیەوێت هەرێمى کوردستان چیتر کاتى هەنگوینیى لەگەڵ تورکیا نەمێنێت، لەو پێناوەیشدا هەوڵەکانى چڕکردووەتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەندازیارى ڕێککەوتنەکانى هەولێر و ئەنقەرە نایەوێت ئەو هەنگاوەى بەغدا بچێتە سەر.

تا دێت هەنگاوەکانى سکاڵاکەی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا بۆ قەرەبووکردنەوەى ٢٦ ملیار دۆلار بەرەوپێشتر دەچێت و، پەرلەمانى عێراقیش لەسەر داواى کوتلەکەى حەیدەر عەبادى لە ڕێگەى چوار لیژنەوە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە و دۆسیەى نەوتى هەرێم دەکەن.

سکاڵاکە لەسەر گواستنەوەی نەوتی هەرێمە لە بەندەری جەیهانەوە بۆ دەرەوە و فرۆشتنیەتى لەلایەن تورکیاوە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا.

یەکەم هەنگاوى ئاشکراى بەرپرسانى هەرێم بۆ رێگەگرتن لە هەنگاوەکەى بەغدا، سەردانەکەى ٢٠ و ٢١ى مانگى ڕابردووى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم بوو بۆ بەغدا و دواتریش بۆ ئەنقەرە.

ئێن ئاڕ تى زانیوویەتى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق، ئەو داوایەى نێچیرڤان بارزانى ڕەتکردووەتەوە بۆ کشانەوەى سکاڵاکەى حکومەتى عێراق لەسەر تورکیا و پێیوتووە، ئەوە بڕیاری ئەو نییە و ناتوانێت سکاڵاکە بکشێنێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تی، حکومەتی هەرێم بڕە پارەیەکی زۆری لە تورکیا و چەند کۆمپانیایەکى بیانی وەرگرتووە، لە بەرامبەر ڕێککەوتنە پەنجا ساڵییەکەدا، بەشێکی ئەوەی کە ناتوانێت لە ئێستادا ئەو بڕە نەوتە رادەستی بەغداد بکات بەهۆی وەرگرتنى پارەی پێشەکیی نەوتەوەیە.

هاوکات لەسەر پرسى سکاڵاکەى عێراق بەرامبەر تورکیا، پەرلەمانی عێراق چوار لیژنەى بۆ بەدواداچوون پێکهێناوە، کە دوو لە ئەندامەکانى کوردن.

ئەحمەدى حاجى ڕەشید کە ئەندامى لیژنە پەرلەمانییەکەیە بە ئێن ئاڕ تیى وت، بەپێى ئەو بەڵگەنامە ٧٢ لاپەڕەییەى لەسەر دۆسیەکە دەستیکەوتووە، مەرجەکانى حکومەتى عێراق لەو دۆسیەیەدا زۆر قورسن و دەشڵێت، پەرلەمانتارانى هاوپەیمانیى نەسرى سەربە عەبادى، کە خۆى سکاڵاکەى تۆمارکردووە، زۆر پێداگرى دەکەن لەسەر گەیشتن بە ئەنجامى ئەو سکاڵایە.

هەر لەسەر ئەو پرسە، غالب محەمەد کە ئەندامى یەکێک لە لیژنەکانى بەدواداچوونى ئەو کەیسەیە، بە ئێن ئاڕ تیى وت، یەکێک لە مەرجەکانى عێراق بۆ تورکیا و هەرێمى کوردستان، ڕاگرتنى بەقاچاخ بردنى نەوتى هەرێمە بۆ دەرەوەى عێراق.

لەنێو بەدواداچوونى لیژنەکانى پەرلەمانى عێراق بۆ دۆسیەى نەوتى هەرێم، بەدواداچونیش دەکرێت بۆ ڕادەستنەکردنى بڕى٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى هەرێم بە بەغدا.

هاوکات شێرکۆ جەودەت پەرلەمانتارى کوردستان بە ئێن ئاڕ تیى وت، ناوەڕۆکى ڕێککەوتنە پەنجا ساڵییەکە، تەنها تایبەت نییە بە ناردن و کڕینى نەوت لە نێوان هەرێم و تورکیا، بەڵکو بەشێکى ڕێککەوتنەکە ڕەهەندى ئەمنی و سەربازیى هەیە، هەر بۆیە تا ئێستا ناوەڕۆکەکەى بە نهێنى ماوەتەوە.

بەپێى ئەو سەرچاوانە بێت کە بۆ ئێن ئاڕ تى قسەیان کردووە دەڵێن، مەسرور بارزانى دەیەوێت ئەو کێشەیەى وەکو میرات لە نێچیرڤان بارزانییەوە بۆى ماوەتەوە، بە ڕێگەى سیاسی چارەسەربکات، بەڵام ئەگەر بێتو هەرێم سوربێت لەسەر نەناردنى نەوت بۆ بەغدا ئەوا موچەى فەرمانبەران جارێکى دیکە دەکەوێتە مەترسییەوە و رەنگە ئەمجارە متمانە لە نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوەتى کەم ببێتەوە، کە لە ئێستادا بە وتەی بەرپرسانی هەردوولا لە گەشەسەندندایە.

ع.م