سەردێڕ:

قەیس خەزعەلی: کەرکوک عێراقییە، نوقتە سەری دێر

دوای پەیامەکەی بارزانی
فۆتۆ: 
2019-07-14

36568 جار خوێندراوەتەوە

دوای پەیامەکەی دوێنێی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی سەبارەت بە شاری کەرکوک، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایگەیاند، کەرکوک عێراقییە و بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێم نابێت لەسەر حسابی جێبەجێکردنی یاسا بێت.

خەزعەلی ئەمڕۆ یەکشەممە (١٤ی تەموزی ٢٠١٩) لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە، "کەرکوک عێراقییە، نوقتە سەری دێر."

ئەمینداری گشتیی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە یەکێکە لە گروپە چەکدارەکانی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی دەربارەی شاری کەرکوک ڕایگەیاندووە، "بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێم بە مانای ئەوە نییە ئەو کارە لەسەر حسابی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەت بێت."

خەزعەلی نوسیوویەتی، "بەردەوامیی هەرێمی کوردستان، لەسەر فرۆشتنی ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بێ ئەوەی داهاتەکەی ڕادەستبکات، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەرێم جدی نییە بۆ مامەڵەکردن بەگوێرەی یاسا و دەستوور."

لە کۆتایی تویتەکەیدا وەک هەڕەشەیەک ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بزانن کە ئەم بارودۆخە ئەستەمە بەردەوامبێت.

ئەو وتانەی خەزعەلی لە کاتێکدایە، دوێنێ مەسعود بارزانى ڕایگەیاند، پێویستە كێشەكانی كەركوك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لەنێوان هەولێر و بەغدا یەكلاییبكرێتەوە و چارەسەربكرێت، هەر ئەنجامێكیش كە هەبێت دەبێت جێگەی ڕەزامەندیی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بێت.

مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتی کوردستان لەبارەى دۆخى کەرکوکەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هیچ سازشێک لەسەر كوردستانیبوونی ناسنامەی كەركوك ناكەن و  دەبێت كەركوك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لەگەڵ یەكتر بژین.

دوێنێش ١٣ی تەموزی ٢٠١٩ حەیدەرعەبادی سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق رایگەیاند، هەرێم نزیکەى دوو هێندە لەو بڕە نەوتە هەناردە دەکات کە پێشتر رێککەوتنى لەسەر کراوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس حەیدەر عەبادی ئاماژەى بەوە کردووە، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کورددا نییە، بەڵام کێشەی لەگەڵ هەندێک لە حزبەکاندا هەیە کە کۆنترۆڵی هەرێمەکە و سەروەت و سامان و نەوتەکەیان کردووە.

ئەو وتانەی خەزعەلی لەکاتێکدایە ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە، دژى دیاریکردنى پارێزگارى کەرکوک لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە، ژمارەیەک هاوڵاتیی عەرەب لەبەردەم باڵەخانەى پارێزگا گردبوونەوە.

حاتەم ئەتائى وتەبێژى ئەنجومەنى عەرەبى، کە سەرپەرشتى گردبوونەوەکەى کەرکوکی دەکرد بە ئێن ئاڕ تیى ڕاگەیاند، فەرامۆشکردنى پێکهاتەى عەرەبى لە کەرکوک و کاندیدکردنى پارێزگارێک لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە ڕەتدەکاتەوە.

هەر ئەو ڕۆژە ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی رایگەیاند، پێویستە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە کەسایەتییەکی پێکهاتەی تورکمان بدرێت، بەو پێیەی کورد بۆ ماوەی ١٥ ساڵ و عەرەبی سوننەش بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەو پۆستەیان هەبووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای ناکۆکییەکی زۆر و چەندین لێدوان لە دژی یەکتر، پارتی و یەکێتی دواجار لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ئەندازیار تەیب جەبار ببێتە کاندیدى لیستى برایەتى بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک و بڕیارە بەمنزیکانە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ دەنگدان بەو کاندیدە کۆببێتەوە.

ع.م