سەردێڕ:

هەولێر.. فەرهاد پیرباڵ دەستگیرکرا

لەسەر سوتانی کتێبخانەیەک
فۆتۆ: 
2019-07-14

14587 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی ، هەولێر ، هێرش قادر

پۆلیسی هەولێر فەرهاد پیرباڵی لە شوێنی کارەکەی لە هەولێر دەستگیرکرد.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا پۆلیسی هەولێر چوونەتە شوێنى کارەکەی فەرهاد پیرباڵ و دوای مشتومڕێکى چەند خولەکی دەستگیریان کردووە.

هاوکات هۆگر عەزیز  وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، بە بڕیاری بەرێوبەری پۆلیسی هەولێر فەرهاد پیرباڵ دەستگیرکراوە و لە سەر سکاڵای بەرێوبەری کتێبخانەی وەفایی بووە.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت ، بەرەبەیانى ئەمڕۆ کتێبخانەى ماڵى وەفایی لەهەولێر سوتێنرا و فەرهاد پیرباڵیش گرتەیەکى ڤیدیۆیی سوتانى کتێبخانەکەى بڵاوکردووەتەوە و بەپێی وتەکانی، ئەو ئاگرى لە کتێبخانەکە بەرداوە.

لەلایەکى دیکەوە سۆران عەزیز بەڕێوەبەرى کتێبخانەى ماڵى وەفایی لە هەولێر لە پەیجى خۆى لە فەیسبووک ڤیدیۆى سوتانى کتێبخانەکەى بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، تاوەکو بەیانى ئەمڕۆ ئاگرەکە نەکوژاوەتەوە و پێشتر ئاسایش و پۆلیس و پارێزگار و لایەنەکانى دیکەى لە هەڕەشەکانى فەرهاد پیرباڵ ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەى کتێبخانەکە بپارێزن، بەڵام پێیان راگەیاندووە، کە فەرهاد پیرباڵ ئەو کارە ناکات.

ئاماژەى بەوەشکردووە، بەهۆى ئاگرەکەوە زەرەر و زیانێکى زۆر بە کتێبخانەکە گەیشتووە بە وتەى خۆى هیچ شتێکى بە ساغى تێدا نەماوە کە لە ساڵى ٢٠١٠ەوە بنیاتیانناوە.