سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. کتێبخانەى ماڵى وەفایی لە هەولێر سوتێنرا

کتێبخانەى ماڵى وەفایی لە هەولێر سوتێنرا
فۆتۆ: هێرش قادر
2019-07-14

32964 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، هەولێر، هێرش قادر

بەرەبەیانى ئەمڕۆ کتێبخانەى ماڵى وەفایی لەهەولێر سوتێنرا و فەرهاد پیرباڵیش گرتەیەکى ڤیدیۆیی سوتانى کتێبخانەکەى بڵاوکردووەتەوە و بەپێی وتەکانی، ئەو ئاگرى لە کتێبخانەکە بەرداوە.

لەلایەکى دیکەوە سۆران عەزیز بەڕێوەبەرى کتێبخانەى ماڵى وەفایی لە هەولێر لە پەیجى خۆى لە فەیسبووک ڤیدیۆى سوتانى کتێبخانەکەى بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، تاوەکو بەیانى ئەمڕۆ ئاگرەکە نەکوژاوەتەوە و پێشتر ئاسایش و پۆلیس و پارێزگار و لایەنەکانى دیکەى لە هەڕەشەکانى فەرهاد پیرباڵ ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەى کتێبخانەکە بپارێزن، بەڵام پێیان راگەیاندووە، کە فەرهاد پیرباڵ ئەو کارە ناکات.

ئاماژەى بەوەشکردووە، بەهۆى ئاگرەکەوە زەرەر و زیانێکى زۆر بە کتێبخانەکە گەیشتووە بە وتەى خۆى هیچ شتێکى بە ساغى تێدا نەماوە کە لە ساڵى ٢٠١٠ەوە بنیاتیانناوە.

روونیشیکردەوە، هەرچەندە تیمەکانى ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد، بەڵام دواتر دەستیپێکردووەتەوە و تابەرەبەیانى ئەمڕۆش بەردەوام بوو.

هاوکات لە لێدوانێکیشیدا بۆ ئێن ئاڕ تى بەڕێوەبەرى کتێبخانەى ماڵى وەفایی رایگەیاند، فەرهاد پیرباڵ لە هەڕەشەکاندا وتویەتى، "ئێمە سەر بەحزبێکى دیاریکراوین کە کێشەى لەگەڵیاندا هەیە، دەمەوێت لەرێگەى سوتاندنى کتێبخانەکەى ئێوە پەیامێک بەو حزبە بگەیەنم، چونکە دەستم بە حزبەکە ناگات."

سۆران عەزیز وتیشی، سەر بە هیچ حزبێکى دیاریکراو نین و لە ٢٠١٠ ەوە بە ماندووبوونێکى زۆر کتێبخانەکەى دروستکردووە.