سەردێڕ:

فڕۆكەخانەی‌ سلێمانی: داوامان کردووە هێڵی نێوان سلێمانی و هەولێر بكرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-13

2909 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فڕۆكەخانەی‌ نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند، داوایان لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراق كردووە، گەشتی نێوان هەولێر و سلێمانی بكرێتەوە لە ئێستادا داواکارییەکەیان تاوتوێ‌ دەكرێت.

دانا محەمەد وتەبێژی بە‌شی پەیوەندییەگشتییەكان و ڕاگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەفەرمی داوایان لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراق كردووە، هێڵێكی فڕۆكەوانی لە نێوان هەولێر و سلێمانی و بەپێچەوانەوە بكرێتەوە، وەکو چۆن هێڵی ئاسمانی لە نێوان شارەکانی تری عێراقدا هەیە لەئێستاشدا ئەو داواكارییە لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراقەوە لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێت.

باسی لەوەشکردووە، کردنەوەی هیڵی فرۆکەوانی نێوان سلێمانی و هەولێر لەبەرژەوەندی هاوڵاتییانە و لەگەڵ سەلامەتی و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان، دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ.

دانا محەمەد وتیشی، کردنەوەی هێڵە ئاسمانییەکە زیاتر دەچێتە بواری بازرگانییەوە ئەوان چاوەڕێی وەڵامی بەغدان.

هاوکات لە ماوەی رابردوودا عەبدوڵا لعێبی وەزیری گواستنەوەی حكومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە پلانیاندایە هەیە گەشتە ناوخۆییەکان لە نێوان شارەکانی عێراقدا بکرێتەوە، ئەمەش وا دەکات کاتێکی زۆر بۆ هاوڵاتییان بگەرێتەوە لە هەمان کاتیشدا دەبێتە هۆى کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.