سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی وردەکاریی هێنانی بڕێکی زۆری هێلکەی قاچاخ بۆ هەرێم ئاشکرادەکات

لە ئێرانەوە هاوردە کراوە
فۆتۆ: 
2019-07-13

4714 جار خوێندراوەتەوە

ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ له ‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى حكومیى و ئه‌منییه‌وه‌ زانیاریمان پێگه‌شتووه‌ كه‌ هێلكه‌ به ‌شێوه‌ى قاچاخ ده‌هێنرێته‌ نێو هه‌رێمى كوردستانەوە.

سه‌رچاوه‌كانمان باس له‌وه ‌ده‌كه‌ن، له ‌مانگى شه‌شه‌وه‌ تاكو ئێستا نزیكه‌ى ٤٠٠ كۆنتێنه‌ر هێلكه‌ له ‌وڵاتى ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ى هه‌رێم كراوه‌.

چوینه‌ لاى به‌رپرسه‌ ئیداری و ئه‌منییه‌كان، نه‌ك به‌رپرسه‌كان قسه‌یان بۆ نه‌كردین، به‌ڵكو هێزى ئاسایشى مه‌رزه‌كه‌ ڕێگه‌ینه‌دا له‌ ده‌ره‌وه‌ى مه‌رزه‌كەش‌ وێنه‌ بگرین.

به‌شێك له‌ كاسبكاران و سه‌رچاوه‌كان باسیان له‌وه‌ ده‌كرد، هێلكه‌ هاورده‌كراوه‌كان خاوه‌ندارێتییان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆمپانیایه‌ك و له‌كاتى هێنانى ئه‌و كۆنتێنه‌ره‌ هێلكانەشدا، نزیكه‌ى ١٠٠ چه‌كدارى هێزێكى تایبه‌تى سەربە یەکێتى پاسه‌وانیى هاورده‌كردنى هێلكه‌كانیان كردووه‌، تا ده‌گاته‌ یه‌كێك له‌ شاره‌کانى هه‌رێمى كوردستان.

له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌م پاسه‌وانیكردنه‌دا وه‌ك سه‌رچاوه‌كان باسى ده‌كه‌ن، هێزه‌كه‌ نزیكه‌ى ١٠ هەزار دۆلاریان وه‌رگرتووه‌.

له‌ درێژه‌ى گه‌ڕان و به‌دواداچوونه‌كانمان نوسراوێكمان ده‌ستكه‌وت.

نوسراوه‌كه‌ له‌ رێکەوتى ١٠ی ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌ واژووى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى گومرگ داواى ڕێگه‌پێدانى كردووه‌ بۆ هێنانى هێلكه‌كان و ئاراسته‌ى گومرگى باشماخ كراوه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له ‌سه‌ره‌تاى مانگى ٥ى ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ حكومه‌تى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێم، بڕیارى قه‌ده‌غه‌كردنى هاورده‌كردنى هێلكه‌یان له‌ وڵاتانى دراوسێ ده‌ركردووه‌ و ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌كانیش كراوه‌.

هاورده‌كردنى ئه‌م هێلكانه‌ له‌كاتێكدایه‌، له ‌ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو، لیژنه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى به‌ هه‌زاران هێلكه‌ى ماوه‌ به‌سه‌رچوویان له‌ناوبرد.

ع.م