سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى نوسراوێکى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى سەبارەت بە کۆنگرەى حزبەکە بڵاودەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-07-13

6218 جار خوێندراوەتەوە

ئێن ئاڕ تی نوسراوێکی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی سەبارەت بە کۆنگرە بڵاودەکاتەوە و بەپێی نوسراوەکە  ٨٣%ى کادرانى ئەو حزبە داواى بەستنى کۆنگرە دەکەن.

بەپێی نوسراوەکە کە دەست دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى کەوتووە، ئەنجومەنەکە لە مانگی ڕابردوودا بە فەرمیی ئاراستەی جێگرانی سکرتێری گشتی و دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە، بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبەکە.

لە نوسراوەکەى ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیدا هاتووە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا سەردانی مەڵبەندەکانی رێکخستنی سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ و شارەزوور و خانەقینیان کردووە و زیاتر لە هەزار و ١٠٠ فۆڕمیان بەسەر کادیرانی یەکێتیدا دابەشکردووە، لەو ڕێژەیە ٩٣٨ ئەندامیان، کە ٨٣٪ی دەنگەکان دەکات، بە پێویستیان زانیوە هەرچی زووە  کۆنگرە ببەسترێت و، ١٨٥ ئەندامیشیان، کە ١٧٪ی دەکات پێیان باشبووە لە دۆخێکی گونجاوتردا کۆنگرە ببەسترێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، داواکاریی سەرجەم بەرپرسانی باڵای حزبەکە و بەشێک لە کادیر و ئۆرگان و جەماوەری یەکێتییان بەدەستگەیشتووە کە داوادەکەن لەمساڵدا  کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی ببەسترێت.

ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی تکا لە جێگرانی سکرتێری گشتی و دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەکات بە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەی داهاتووی خۆیدا رۆژی بەستنی کۆنگرە لە ساڵی ٢٠١٩دا دیاریبکات.