سەردێڕ:

ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسڕائیلی دایەوە

فۆتۆ: 
2019-07-13

9302 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئێران لە وەڵامى هەڕەشەکانى ئیسرائیلدا ڕایگەیاند،هەر دوژمنێک لەهەر ئاستێکدا بیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەر ئێران، بە وەڵامێکى توند و ددان شکێن و پەشیمان کەرەوە روبەروی دەبنەوە.

ئەمیر سەرتیپ حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران ڕایگەیاندووە، هەڕەشەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشێلکردنی ئاشکرای بەندی چواری مادەی دووی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

ڕاشیگەیاند، قسەکانى ناتانیاهۆ لە بنکەیەکى ئاسمانی وڵاتەکەى و پێشتریش لە شوێنی دامەزراوە ناوەکییەکانی دیمۆنا ئەوپەڕی بێ شەرمییە و هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی، وەڵامێکی توندى دەبێت.

پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەڕەشەی لە ئێران کرد و ڕایگەیاند، دەبێت تاران لەبیری بێت کە ئەو فڕۆکەکانى وڵاتەکەى دەتوانن بەسەر ئێران و سوریادا بفڕن.

ئەو پێشهاتە نوێیانەش لە کاتێکدایە، ڕۆژانە ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە پەرەسەندندایە، بە تایبەت لە کاتێکدا ئەمریکا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سزاکانی لەسەر ئێران زیاتر و فراوانتر دەکات و بوونی پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات.

پێشتریش کاتێک سوپای ئەمریکا چەند کەشتییەکی جەنگی و کەشتی فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری بی ٥٢ و موشەکی پاتیرۆتی رەوانەی ناوچەکە کرد، لێپرسراوانی سەربازیی ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کرد، ئەگەر سوپای ئەمریکا هەر سەرکێشییەک بکات و هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەوا سەرجەم کەشتی و هێزەکانی لە کەنداو نقوم دەکرێت و بە چەکێکی نهێنی هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندیی و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 هـ.ع