سەردێڕ:

وتەبێژی قوباد تاڵەبانی: بڕیاری بەخشینی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەى سلێمانی سیاسی نییە

فۆتۆ: 
2019-07-13

14466 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فەرمی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکى حکومەت ڕایگەیاند، بڕیاری بەخشینی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەى سلێمانی  سیاسی نییە و ڕێکارێکى یاساییە.

وتەبێژی جێگری سەرۆکى حکومەت ڕوونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، 'ئەم بڕیارەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕێکارێکی ئیدارییە تایبەت بە گواستنەوەی ڕاژە، و بە ھیچ شێوەیەک گواستنەوەی فەرمانبەر ناچێتە خانەی سزادانی ئیداریەوە کە لە یاسا بەرکارەکاندا ئاماژەیان پێدراوە. بۆیە بە ھیچ شێوەیەکیش ئەم بڕیارە سیاسی نیە".

تێیدا هاتووە "بە پێی ھەردوو بڕگەی٢ و ٣ لە ماددەی ١٢ لە یاسای پارێزگاکانی ھەرێم ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٩، دانانی بەرێوبەری گشتی و لەسەرکارلادانی دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاوە نەک گواستنەوەی ڕاژەی بەڕێوەبەری گشتی کە ڕێکارێکی ئیدارییە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەیە".

لە ڕوونکردنەوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو، "سەبارەت بە بڕگەی ٢ ی فەرمانەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ھەڵسانی بەڕێز مامۆستا عومەر محمد امین کە خۆی جێگری بەڕێوەبەری گشتیە بە ڕاییکردنی کارەکانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی بە وەکالەت، مانای دامەزراندنی ناوبراو نیە بە بەڕێوەبەری گشتی بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بەڕێوەبەرێکی گشتی نوێ دابنرێت".

 لە کۆتایشدا هاتووە "مامۆستا دڵشاد عومەر لە پلە وەزیفیەکەی کە بەڕێوبەری گشتی نەبەخشراوە و ھەمان پلەی دەبێت لە دیوانی وەزارەتی پەروەردە".

ئەمەش لە دوای ئەوە هات بڕیاری لەسەرکارلادانی بەرێوەبەری گشتى پەروەردەی سلێمانی کاردانەوەی لێکەوتەوە و سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی هیچ پاڵشتییەکی یاسایی نیە روونیشیکردەوە، بەگوێرەی بڕیارێكی ئەنجومەنی پارێزگا نابێت هیچ پۆستێک بە وەکالەت پڕبکرێتەوە.